کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پانێلێکی سیاسی لە شتوتگارت

23:56 - 20 رەزبەر 2726

ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی پانێلێکی سیاسیی بە ناونیشانی “کوردستان لە گۆڕانکارییدا” کرد .
ئەم پانێلە لەلایەن کۆمەڵگەی کوردی لە ئاڵمان، لقی ویلایەتی بادن-ڤورتمبێرگ (KG LV BW)، ڕێکخرابوو.

شوکریا برادۆست، توێژەر و شارەزای سیاسەت و ئاسایشی کوردی و ئێران، لەگەڵ پرۆفیسۆر دکوتۆر یان ئیلهان قزیلخان بەشدار و میوانانی سەرەکیی ئەم پانێلە بوون.

پانێلەکە لە ڕاتسکێلەر (Ratskeller) لە شاری شتوتگارت بەڕێوە چوو.
لە بەشی یەکەمی پانێلەکەدا، باس لە دۆخی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە، گۆڕانکارییەکانی ئێستا، گرنگترین ڕووداوە سیاسییەکان و ئاسۆکانی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی کرا. هەروەها ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان و کاریگەریی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر دۆخی کوردستان بوونە بابەتی گفتوگۆ.
لە بەشێکی دیکەی پانێلەکەدا، شوکرییە برادۆست ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە خەباتی خۆیدا پێویستی بە هەر دوو ڕەهەندی خەباتی سیاسی و نیزامی هەیە. لە دیدی ئەودا، هەردوو ڕەهەندەکە لە چوارچێوەی خەباتی کورددا گرنگن.
هەروەها، پرۆفیسۆر دوکتۆر یان ئیلهان قزیلخان بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە باسی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیە کرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم پرۆسەیەی خستە بەرباس. لە باسەکەیدا، هەوڵی هەڵسەنگاندنی ئەم پرۆسەی لە ڕووی هەلومەرج، ئاڵنگاری و ئەو دەرفەت و کێشانەوە کرد کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ئەم پرۆسەیە و دۆخی سیاسیی کورد لە تورکیە هەبێت.
دواتر، بەشداربووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی بابەتەکانی پانێلەکە خستەڕوو و میوانانیش وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە. ئەم بەشە هەلێکی بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە و ئاسۆکانی داهاتووی گەلی کورد ڕەخساند.
لە کۆتایی پانێلەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی، هاودەنگی و هاواهەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان کرایەوە و ئەم بنەمایانە وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد ئاماژەیان پێدرا.

بەشداریی شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم پانێلەدا، هەلێک بوو بۆ ئاگاداربوون لە دید و بۆچوونە جیاوازەکان و بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی سیاسی لەبارەی دۆخی ئێستا، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و ئاسۆکانی داهاتووی کوردستان.کۆمیتەی ئاڵمان