کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی بۆ ڕووداو: گوشارەکان بزووتنەوەی کورد ناسڕنەوە؛ ڕیشەمان لەنێو ملیۆنان مرۆڤدایە

22:41 - 21 رەزبەر 2726

پێشەکی:
لەم وتووێژە تایبەتەی تۆڕی میدیاییی ڕووداودا، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ڕاشکاوی وەڵامی پرسە هەنووکەییەکان دەداتەوە. عەزیزی تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستی حیزب بەرانبەر بە پرسی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕەهەندەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی تاران و بەغدا، پرسی چەکدانان و، پێداگری لەسەر ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوشاری ئەمنییەتی و سەربازی لەنێو ناچێت.

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ لە چاوپێکەوتنێکدا باستان لە پەیوەندی و تێپەڕین کردبوو. لەوێدا دوو تا سێ جار باسی پێویستیی دانوستاندنتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئێستاش ئامادەن بۆ دانوستاندن؟
ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە مێژووماندا هەمیشە لەو باوەڕەدا بووین کە پێشوازی لە ڕێگەچارەی ئاشتییانە و ڕێکاری گفتوگۆ و دانوستاندن بکەین؛ ئەوە وەک ئەسڵێک لەلای حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناغەکاندا بوونی هەبووە. دوای شۆڕشی ئێران کە دانوستاندنەکان نەگەیشتنە ئەنجام و هێرش کرایە سەر کوردستان، دیسان لە بۆنە و سەردەمە جیاوازەکاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە دانوستاندندا بووین. دوایین دانوستاندنی فەرمیش کە لە نۆرویژ بەڕێوە چوو، لەلایەن ڕێکخراوێکی ئاشتییەوە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی نۆرویژ ڕێک خرابوو. دەنا لەباری بنەمایی (ئوسوولی) و باوەڕییەوە، حیزبی دێموکرات لەسەر ئەوە بەردەوامە کە کێشەکان پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن.

باشە، بە بڕوای ئێوە ئێستا زەمینەی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەم کاتەدا لەبارە؟
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای نێوخۆی ئێران و ناوچەکە، هەروەها ناڕوونیی دۆخی دەسەڵات لە تاران کە هەر جارێک کەسێک لێدوان دەدات و نزیکەی ساڵێکە ئاستی شەڕ و ئاشتییان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دیار نییە، من ئەو زەمینەیە نابینم. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر کۆماری ئیسلامی داوا لە حیزبی دێموکرات بکات و داوای گفتوگۆ بکەن، حیزبی دێموکرات ئامادەی وەڵامدانەوەیە. لەوە بەدواوە، سروشتی گفتوگۆکە دێتە گۆڕێ کە لەسەر چ بابەتێک بێت و، هۆکارە تەکنیکییەکانیش کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە دەبێت.

ئایا هاوپەیمانیی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات، دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ دەکات، یان ئەمە تەنیا هەڵوێستی ئێوەیە؟
تا ئەم ساتە، ئەو بابەتە لەنێو هاوپەیمانیدا نەهاتووەتە ئاراوە تا ئەوەندەی من ئاگادار بم. بەڵام سروشتییە ئەگەر ڕۆژێک داوا لە حیزبی دێموکرات بکرێت، بێگومان لەگەڵ هاوپەیمانییەکەدا باسی دەکات. لە ڕابردووشدا و لە دانوستاندنەکانی نۆرویژدا، لایەنەکانی دێموکرات و کۆمەڵە پێکەوە بابەتەکەمان تاوتوێ کرد و پێکەوە چووینە نێو پرۆسەکەوە، هەرچەندە هیچ ئەنجامێکیشی نەبوو.

کێ لەنێو ئێوەدا بڕیار لەسەر دانوستاندن دەدات؟ ئایا سەربەخۆیانە وەک حیزب بڕیار دەدەن، یان لە دەرەوەی ئێوە بڕیارەکە دەدرێت؟
بە درێژایی مێژوو و لە تەواوی دانوستاندنەکانی دوای شۆڕش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی بڕیاری داوە. حیزبی دێموکرات لەو حیزبانەیە کە سەرەڕای پەیوەندییەکانی لە ڕابردوودا لەگەڵ عێراقی سەردەمی سەددام حسێن، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەمریکا، ئورووپاییەکان و لایەنە کوردستانییەکان؛ هەمیشە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بڕیاری داوە. بڕیارەکانی ئێمە نێوخۆیین و پشتئەستوورن بە بڕیاری دامەزراوەیی حیزب کە لە ڕێگەی کۆمیتەی ناوەندی و دەستەی کارگێڕییەوە تاوتوێ دەکرێن و بڕیاریان لێ دەدرێت.

کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووداو ڕازیبوون بە دانوستاندنی لەگەڵ ئێوە و پارتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ڕەت کردووەتەوە. ئایا ئێران لەم دواییەدا هیچ هەوڵێکی داوە بۆ دانوستاندن یان ئێوە داواتان کردووە؟
یەکەم، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر وەک تەواوی دیپلۆماتکارەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە دانپێدانانی جەواد زەریف کە ٨ ساڵ وەزیری دەرەوە بوو، دەڵێت: «ئەو باڵیۆز و کۆنسوڵانەی ئێمە لەو وڵاتانە هەموویان نوێنەری سپای قودسن، نە دیپلۆماتکارن و نە بازرگان». قسەکانی کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی بۆچوونی کاربەدەستانی سپای پاسدارانە کە ئێستا بڕیار بەدەستن.

لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن و لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئاڵمان، دوو سکرتێری حیزب (د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی) تێرۆر کران. کۆنسوڵی ئێران دەڵێت لە ڤییەن هێرش کراوەتە سەر هەردوولا و ئەوان قاسملوویان تێرۆر نەکردووە. ئایا دادگاکانی ڤییەن و میکۆنۆس هیچ شتێکیان سەلماندووە؟
بەداخەوە، سەبارەت بە تێرۆری د. قاسملوو لە ڤییەن، تا ئێستاش دادگایەک پێک نەهاتووە. لەو سەردەمەدا دۆسیەکە بووە قوربانیی مامەڵەی سیاسیی دەوڵەتی ئۆتریش لەگەڵ ئێران. بەڵام ڕاستییەکە ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دا و ئەوەش کە بریندار بوو، لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بوو. هیچ کات حیزبی دێموکرات باوەڕی وای نەبووە کە لایەنی سێیەم یان چەکدارێک پەلامارەکەی دابێت؛ ئەوانە پاسداری تێرۆریست بوون لەژێر ناوی دیپلۆماتکار. دووەم، دەربارەی دۆسیەی میکۆنۆس، دادگایەک لە ئاڵمان پێکهێنرا و دوای ٤ بۆ ٥ ساڵ کارکردن بڕیاری دا کە ئەو تاوانە لەلایەن بەرزترین ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە ئاراستە و بەڕێوە براوە.

ئێران ئێوە بە تێرۆرکردنی خەڵکی سڤیل لە نێوخۆی وڵاتدا تۆمەتبار دەکات. بۆچی ئەو تۆمەتەتان ئاراستە دەکرێت؟
مێژوو سەلماندوویەتی: ئەوان د. قاسملوو، د. شەرەفکەندی و دەیان کادیری ئێمەیان لە هەرێمی کوردستان تێرۆر کرد، خەڵکیان لەسێدارە دا و کەمپەکانیان مووشەکباران کرد. بەڵام حیزبی دێموکرات هەرگیز تێرۆری بە تێرۆر وەڵام نەداوەتەوە. ڕێبەران و دیپلۆماتکارانی ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک لایەنێکی سیاسیی ناسراو پێشوازییان لێ دەکرێت. ئەو تۆمەتانە تەنیا لە خۆیان دەوەشێتەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی دێموکراتەوە نییە.

دوای وتووێژەکەی ئێمە لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی ئێران هێرش کرایە سەر کەمپەکانتان؛ ئایا لەو کەمپانەی هەرێمی کوردستاندا پێشمەرگە و هێزی چەکدار هەن؟
سەبارەت بەو کەمپانە، ئێمە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆداین. ئەو شوێنانە هەرگیز کەمپی سەربازی نەبوون؛ بەڵکوو شوێنی مەدەنی، بنکەی ڕێکخراوەیی (وەک لاوان و ژنان)، قوتابخانە و نەخۆشخانە بوون. پێکانی (بۆردومانکردنی) ئەم شوێنانە لەلایەن ئێرانەوە تاوانێکە دژی بنکە مەدەنییەکان و بانگەشەکانی ئێران ناڕاستن.

ئایا پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
ئێمە بە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێممان ڕاگەیاندووە کە خاکی هەرێمی کوردستان ناکەینە پشتی جەبهە. دووەم، لە نێوخۆی وڵاتدا بزووتنەوەیەکی مەدەنیی بەهێز هەیە. حیزبی دێموکرات بە پێویستی نازانێت تیمی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆ لە کاتێکدا جەماوەر خۆیان لە مەیداندا خەبات دەکەن.

کەواتە خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات پشتیوانیتان دەکەن، بەرامبەر ئەو بانگەشەیەی دەڵێت کەس لەگەڵتان نییە؟
بانگەشەی بەرپرسانی ئێران ناڕاستە؛ چونکە:
• نزیکەی ٤٧ ساڵە فشاری جۆراوجۆر دەهێنن، زیندانی دەکەن و لەسێدارە دەدەن، بەڵام حیزبی دێموکرات هەر ماوەتەوە.
• لە شۆڕشی ژینادا جەماوەری ڕۆژهەڵات بە ڕوونی پشتیوانیی خۆیان بۆ حیزبەکان نیشان دا.
• کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بزووتنەوەکە تەنیا کەم بکاتەوە بۆ حیزبەکان، بەڵام ئەم حیزبانە ڕیشەی جەماوەرییان لەنێو ملیۆنان مرۆڤدا هەیە کە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.