کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندامی تازە هەڵبژێردراوی حیزبی ژینگە لە پارلەمانی سوید

14:09 - 22 رەزبەر 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥،  "ڕێناس خزری"، لەگەڵ بەڕێز "گورگین باکیرچیۆغلو"، ئەندامی نوێی پارلەمانی سوید لەسەر پارتی سەوز کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.
سەرەتای دیدارەکە بە پیرۆزبایی نوێنەری حیزب لە ناوبراو بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک ئەندامی پارلمانی سوید، "ڕیکس داگێن" دەستی پێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا بۆ بە ئاوات خواست. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی دۆخی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ و ژینگەدا بوو.
ناوەرۆکی سەرەکیی وتووێژەکان بریتی بوو لە:
١ـ مافی مرۆڤ و ئاسایش:
تیشک خرایە سەر ڕەوشی دژواری مافی مرۆڤ، زۆربوونی ڕێژەی لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردنی شۆڕشگێڕان و زیندانییانی سیاسیی کورد بەتایبەت
دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی".  هەروەها باسی هێرشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بە دڕۆن و ڕاکێت بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران و کەمپەکانی پەنابەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا. سەرەڕای ئەوەش، مەترسییەکانی ڕێژیم لەسەر چالاکوانانی سیاسی و سیخوڕیکردن بەسەریاندا لە سوید و ئورووپا خرایە بەر باس.
٢ـ تێکدانی ژینگە (ئێکۆساید) وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن:
لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کرا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن تێکدانی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئامرازێکی ستراتێژی بۆ سەرکوتکردنی سیاسی، گوشاری ئابووری و چۆڵکردنی ناوچەکانی کوردستان بەکار دەهێنێت.
سیاسەتی وشککردن و تاڵانکردنی ئاو: دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی ئاراستەی ڕووبارەکان لە کوردستانەوە بەرەو ناوچە پیشەسازییەکانی ناوەڕاستی ئێران، کە بووەتە هۆی وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کۆچی زۆرەملێی جووتیارانی کورد.
سووتاندنی دارستانەکان:
سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکانی زاگرۆس بە بەهانەی "ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی".
بەتاوانناسینی چالاکیی ژینگەیی:

دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و دۆسییەسازی بۆ چالاکوانانی ژینگەپارێزی کورد (وەکوو کۆمەڵەی چیا و زاگرۆس) کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان و پاراستنی ژینگەی نیشتمانەکەیان دەدەن.
پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و هەڵوێستی گورگین باکیرچیۆغلو!
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتێکی تایبەت و نووسراو سەبارەت بە شەڕی ژینگەیی (ئێکۆساید) و پێشنیازە کردارییەکان ڕادەستی بەڕێز گورگین باکیرچیۆغلو کرا. لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە پارلەمانی سوید کرابوو کە لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو لە وەزیری دەرەوە، سەرکۆنەکردنی ئێکۆساید لە لایەن سوید و یەکیەتیی ئورووپاوە و پاراستنی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە هەڕەشە فرەچەشنەکانی ڕێژیم هەڵوێستی کرداری بگرنە بەر.
بەڕێز گورگین باکیرچیۆغلو خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر بەو زانیارییانە دەربڕی و گرنگیی بابەتەکە سەرنجی ڕاکێشا. ناوبراو هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم بابەتانە سرنجی زیاتریان بدرێ و بواری زیاتریان پێ بدرێت لە کارەکانی داهاتوودا و لە ئاستە جیاوازەکاندا تیشکیان بخرێتە سەر.
هەڵبژاردنە پارلەمانییەکانی سوید ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو. ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵیش یەکەم دانیشتنی خۆی بە وتەکانی پاشای وڵات پێکهێنا. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پارلەمانی سویددا  لە کۆی ٣٤٩ ئەندامی پارلەمان  ٧ کورد لە سەر لیستی حیزبە جیاوازەکان هەڵبژێردران. گورگین بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی یەکەم دانیشتنی پارلەمانی کرد.