ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە "وریشە مورادی"، بەندکراوی سیاسیی کورد و چالاکی بواری ژنان، بۆ دووەم جار لەلایەن لقی ١٥ی بەناو دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و بڕیارەکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.
ئەمیر سەجادی، یەکێک لە پارێزەرەکانی وریشە لە گفتوگۆیەکدا ڕایگەیاند کە بڕیاری دادگا ڕادەستی پارێزەرانی کراوە و تا ٢٠ ڕۆژ دەرفەتی داواکاریی پێداچوونەوە لە دیوانی باڵادا هەیە.
هاوكات کەیوان عەزیزی، پارێزەرێکی تری وریشە، بەتوندی ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی یەکەم لەلایەن دیوانی باڵاوە بەهۆی کەموکۆڕی لێکۆڵینەوەکان هەڵوەشێنرابووەوە؛ بەڵام دادگا بێ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست، تەنیا بە گۆڕینی جۆری تۆمەتەکە، دووبارە هەمان سزای دەر کردووەتەوە.
وریشە مورادی (ناسراو بە جوانا سنە) لە ۱۰ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ لە دەورووبەری سنەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دوو حەفتە لێکۆڵینەوە لە سنە و بۆ ماوەی پێنج مانگ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا لە بەندی ۲۰۹ی بەندیخانەی ئێڤین، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی هەمان بەندیخانە و دواتر لەلایەن ئەبولقاسم سەڵەواتییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.