ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، کۆبوونەوەیەک لە پارلەمانی ئاڵمان لە نێوان نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزەکانی کوردستانی، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران، خاتوو جانسوو ئۆزدێمر لە حیزبی چەپ و بەڕێز ماکس لوکس لە حیزبی سەوزەکان بەڕێوەچوو.
بەڕێز مستەفا قازیزادە و خاتوو لەنیا ڕەسووڵی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.
هاوپەیمانی ئاماژەی بە هێرشە دڕۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان، گرتن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد کرد و شی کردەوە کە ڕیژیمی ئێران زۆر بەر بڵاوتر و دڕندانەتر لە چاو بەشەکانی دیکەی ئێران سەرکوتی کورد دەکات. شاندی هاوپەیمانی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر بە پرسی کوردی ڕۆژهەڵات لە پارلەمانی ئاڵمان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرێبەستی مافی مرۆڤی ئۆسلۆ و گرنگیی بەکارهێنانی چوارچێوە و مێکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ کرا. هاوپەیمانیی جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەیاندنی ئەم پرسە بە دامەزراوە پەیوەندیدارە ئورووپایی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران لەگەڵ ئاماژە بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە داوای کرد کە دەوڵەتی ئاڵمان ناردنی چەک بۆ ئێران ڕابگرێت، لە ئەگەری بڕینی ئینترنێت لەلایەن ئاخوندەکانەوە بۆ خەڵکی دابین بکات، گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر سەرکوتکەران و کاربەدەستانی ڕێژیم و کۆتایی بە پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕێژیمی مەلاکان بهێنێت.
نوێنەرانی هەر دوو حیزبی چەپ و سەوز، پێشوازییان لە داواکارییەکانی لایەنی کوردی کرد و ڕەزامەندی و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لە ئاستی پارلەمانی دەربڕی.
کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکی ئەرێنی کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەردەوامکردنی هاوکارییە سیاسی و پارلەمانییەکان و خستنەڕووی پرسی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ئاستی ئاڵمان و ئورووپا.