ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شاندی هاوپەیمانیی هێزە کوردستانییەکان کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێکخراوی هاوار هێڵپ (Hawar Help) بە بەشداری خاتوو مریەم و خاتوو دۆزین تێکاڵ بەڕێوە برد. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ناسراوی ئێزیدی-ئاڵمانی دوزین تێکاڵ (DüzenTekkal) لە ئاڵمان دامەزرا، وەک کاردانەوەیەک لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی (جینۆساید) کە ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دژی کوردانی ئێزیدی لە شەنگال ئەنجامی دا. بەڕێز مستەفا قازیزادە و خاتوو لەنیا ڕەسووڵی لە حیزب بەشدار بوون.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕێگا و مێکانیزمانەی بوو کە دەتوانن یارمەتی بە گەیاندنی دەنگی قوربانییانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بدەن. لایەنی کوردی جەختی لەسەر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر بە دۆخی زیندانییانی سیاسی، مافی ژنان، ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی گەلی کورد کردەوە. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، کۆکردنەوەی زانیاریی باوەڕپێکراو و گەیاندنیان بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا هەبێت.
لە درێژەی گفتوگۆکاندا، گرنگیی هاوکاری و هاواهەنگیی نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، بە تایبەتی هاوار هێڵپ، خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییە دەتوانێت لە داهاتوودا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئاشناکردنی دامەزراوە ئورووپاییەکان بە دۆخی مافی مرۆڤ و ڕێکخستنی چالاکیی هاوبەشی مرۆییەوە پەرە بسێنێت.
کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بۆ ناساندنی زیاتر و دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پرس و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. هەروەها گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان و بەدواداچوونی بابەتە گفتوگۆکراوەکان خرايەڕوو، بە مەبەستی ئەوەی ئەم پەیوەندییانە لە داهاتوودا ببنە بنەمای هاوکارییەکی کاریگەرتر لە بواری مافی مرۆڤدا. هەر دوو لایەنی بەشدار بەڵێنیان دا کە پەیوەندیی بەردەوامیان لە داهاتوو هەبێت.