✍️ئەهوەن ڕۆژهەڵات
١. دۆخی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦: ئاوێتەبوونی قەیرانە فرەڕەهەندەکان
ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە یەکێک لە هەستیارترین، نائاساییترین و پڕتەنگژەترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێ. وڵاتەکە لە لێواری وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی ژێئۆپۆلیتیکیدایە. کەڵەکەبوونی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، داڕمانی ئابووری، پەرەسەندنی بەردەوامی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و، گەمارۆ و تێکهەڵچوونە نیزامییەکان، داهاتووی کۆماری ئیسلامییان زیاتر لە هەر کاتێکی تر ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایی و پرسیاری جیدیی مانەوە کردووەتەوە.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ئاستی ژیانی هاووڵاتییان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی؛ هەڵاوسانی بێپێوانە، بێبەهاوبوونی کەموێنەی تمەن، داڕمانی توانای کڕینی خێزانەکان و قەیرانی کەرتی بەرهەمهێنان، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی خستووەتە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێنەوە. بەڵام تایبەتمەندیی بێوێنەی ئەم قۆناغە تەنیا سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی ئابووریی ڕووت نییە، بەڵکوو بریتییە لە «ئاوێتەبوونی زنجیرەیەک قەیرانی پێکهاتەیی» لە یەک کاتدا؛ بە جۆرێک کە قەیرانی ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتر تێکەڵ بوون و بەسەریەکدا کەوتوون و بەستێنێکی لەباریان بۆ تەقینەوەی دۆخەکە خوڵقاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆخی دەرەکیی دەسەڵاتی تاران لە هەر کاتێک لێڵترە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هاوکێشە ئەمنییەتییەکانی گۆڕیوە و بڕی تێچووی سەربازی و دیپلۆماسیی دەسەڵاتی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە. هاوکات توندتربوونی ئابڵۆقە نێودەوڵەتییەکان و کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردنی نەوت، دەستی دەسەڵاتی لە دابینکردنی تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییە گشتییەکان کورت کردووەتەوە.
بۆ سیستمێکی سەرکوتکەر، ترسناکترین سیناریۆ کاتێک دەست پێ دەکات کە داڕمانی ئابووری، لەگەڵ تووڕەیی سیاسی و خەباتی دژی ستەمی نەتەوەیی یەک بگرنەوە. لە وەها دۆخێکدا ناڕەزایەتییەکان لە جووڵەیەکی کاتییەوە دەگۆڕێن بۆ ڕاپەڕینێکی بەرفراوانی جەماوەری. ئەگەرچی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان بەپێی ئەزموونی مێژوویی، بە ئامرازی سەرکوت و توندوتیژی هەوڵ دەدەن تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە، بەڵام ئەم سەرکوتکارییە ناتوانێت چارەسەری کەڵەکەبوونی قەیرانەکان بکات، بەڵکوو تەنیا کاتی تەقینەوەی گەورە دوادەخات. لەم دۆخەدا، پرسیاری چارەنووسساز ئەوەیە: ئەگەر دەسەڵاتی ناوەند بەرەو داڕمان یان داتەپین بڕوات، کام هێز دەتوانێت لە نەخشەی ئایندەی ئێراندا دەوری سەرەکی بگێڕێت؟ لێرەدایە کە کوردستان وەک جەمسەرێکی هۆشیار و پێشەنگ خۆی دەردەخات.
٢. کوردستان: لە شۆڕشی ژیناوە تا نەخشەڕێگای داهاتووی ئێران
کوردستان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەرگیز تەنیا ناوچەیەکی جوغرافیایی پەراوێزخراو و ناڕازی نەبووە؛ بەڵکوو سەنگەرێکی نەپساوەی بەرەنگاربوونەوە، هۆشیاریی سیاسی و مەکۆی تێکۆشان بووە دژی ناوەندگەری، دیکتاتۆری و چەوسانەوەی نەتەوەیی. لە هەر وەرچەرخان و ڕاتەکاندنێکی مێژووییدا، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پیشاندانی ئیرادەیەکی پێشکەوتوو، دەنگی بەرەنگاربوونەوەی دژی نادادپەروەری بەرز کردووەتەوە. هەربۆیە لە هەر هاوکێشەیەکی پاشەڕۆژی ئێراندا، دەنگی کوردستان لە سەرووی هەموو هاوکێشەکانەوە دەبێت.
شۆڕشی بەشکۆی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و بە کوشتنی ناڕەوا و زۆردارانەی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو کە سنوورەکانی کوردستانی بڕی. ئەم شۆڕشە پیشانی دا کە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دەربڕینی فەلسەفەیەکی قووڵی ژیانخوازی و ڕزگاریبەخشانەیە کە بۆ دەیان ساڵ لە نێو کولتووری خەباتی ئازادیخوازیی کوردستاندا پەروەردە کرابوو و دواتر هەموو گەلانی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
گرنگیی ستراتیژیی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە کوردستان لە ئاستی ئێراندا پێگەی پێشەنگی فکری و سیاسیی خۆی سەلماند. ئەم پێشەنگییە تەنیا بەرهەمی هەلومەرجی لەناکاو نەبوو، بەڵکوو دەرئەنجامی بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی هۆشیار، تێکۆشانی فیداکارانەی بزاوتی ڕزگاریخوازی و ئامادەیی ڕێکخراوەیی بوو لە مەیداندا. کوردستان سەلماندی کە نەک تەنیا خاوەنی سەنگەری پێشەوەی بەرگرییە، بەڵکوو خاوەنی نەخشەڕێگا و ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیکیشە بۆ پێکهێنانی سیستمێکی فرەنەتەوە، فیدراڵ و دادپەروەر بۆ داهاتوو.
٣. حیزبی دێموکرات: لە کەلەپووری خەباتەوە بۆ سیاسەتی هاوچەرخ
لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبی پێشەنگ و خاوەن ڕەگێکی مێژوویی قووڵ لە دڵی خەڵکدا، خاوەنی پێگە و ڕەواییەکی جەماوەریی تایبەتە. ئەم حیزبە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەتا شۆڕش و بەرگریی نەتەوەیی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەڵگری ئاڵای داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بووە. بەڵام لە ئاسۆی ئەمڕۆی دنیای سیاسەت و لە ژێر تیشکی پێشکەوتنە خێراکانی سەردەمدا، سەرمایەی مێژوویی بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە ئەم ڕابردووە زێڕینە لەگەڵ ئامراز و گوتاری مۆدێرندا ئاوێتە بکرێت.
پرسیاری بنەڕەتی و ستراتیژی ئەوەیە: حیزبی دێموکرات چۆن دەتوانێت ئەم سەرمایە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بکاتە هێزێکی کرداری و بڕیاردەر لە گۆڕانکارییەکاندا؟
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تەواوی نوێ بوونەتەوە. هاتنەمەیدانی نەوەی نوێی خوێندەوار و چاوکراوە، بەکارهێنانی تێکنۆلۆژی و گۆڕانی چەمکی چالاکیی سیاسی، شێوازی تێکۆشانی لە فۆڕمە نەریتییەکانەوە پەڕاندووەتەوە بۆ شێوازگەلی مۆدێرن و دینامیک، لەوانە:
• مانگرتنە سەرتاسەرییەکان، خۆپێشاندان و جووڵەی ڕێکخراوی شەقام
• بەکارهێنانی ژیرانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شەڕی گێڕانەوە و بەرەنگاربوونەوەی پرۆپاگەندەی دەسەڵاتدا
• بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوە خۆڕسکە پیشەیی، جێندەری و ژینگەییەکان
ئەگەر حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای ئەزموونی دەوڵەمەندی ڕابردوو، بەردەوام بێت لەسەر نوێکردنەوەی گوتار، بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێونەتەوەییەکان و، پەرەپێدانی فۆرمەکانی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆدا، بێگومان دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین کۆڵەکەکانی هەر دیالۆگ و پڕۆسەیەکی سیاسی بۆ ئایندەی ئێران.
٤. هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستان: زەروورەتێکی مێژوویی و ستراتیژی
یەکێک لە خاڵە دیاریکەرەکان لە هاوکێشەی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا، پرسی یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەکارکردنی حیزبەکانی کوردستانە. لە هەلومەرجێکی وەها پڕ لە گۆڕانکاریدا، پەرتەوازەیی گوتار و ناتەبایی دەتوانێت پێگەی نەتەوەیی لە دانوستان و بەرەنگاربوونەوەکاندا لاواز بکات. بە پێچەوانەوە، ئەزموونی مێژوویی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر کات حیزبەکانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەییدا جووڵاونەتەوە، گەلی کورد بەهێزترین پێگەی بەدەستهێناوە.
کاتێک کوردستان بیەوێت لە ئاستی سەرتاسەریدا وەک جەمسەرێکی بەهێز ڕۆڵ بگێڕێت، تەنیا بوونی حیزب و ڕێکخراوی جیاجیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە:
• هاوپەیمانییەکی ستراتیژی و تۆکمە لە نێوان حیزبەکانی کوردستاندا پێک بهێنرێت یان بە دربڕینێکی تر ئەم هاوپەیمانییەی ئێستا تۆکمە بکرێت.
• گوتارێکی سیاسیی هاوبەش کە مافی چارەی خۆنووسین، دێموکراسی و دادپەروەری بکاتە بنەما، ئامادە بکرێت.
• زمانێکی دیپلۆماسیی یەکدەست بەرامبەر بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگیرێتە بەر.
پەرتەوازەیی، دەرفەت دەداتە ناوەندگەرایان و نەیاران کە مافەکانی گەلی کورد پشتگوێ بخەن؛ بەڵام یەکگرتوویی و هەماهەنگیی کارای حیزبەکانی کوردستان، ئەو گەرەنتییە حاشاهەڵنەگرەیە کە دەتوانێت مافە مێژوویی، نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان لە هەر دەستوور و پێکهاتەیەکی سیاسیی داهاتووی ئێراندا بچەسپێنێت. ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو ئەرکێکی مێژوویی و نیشتمانییە کە قۆناغی ئێستا دەیخاتە بەردەممان.