کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
جێژنی خاوەنکار لە هاونیشتمانانی یاری پیرۆز بێت!
بەبۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە، پیرۆزبایی لە هەموو باوەڕمەندانی ئایینی یاری بەتایبەت هاونیشتمانە خۆشەویستە یارسانییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێبەرە ئایینییەکانیان دەکەم.
هاونیشتمانانی یاری لە چەندین دەیەی ڕابردوودا هەموو کات ڕووبەرووی شەپۆلێکی بەربڵاوی زەبروزەنگ و هەڵاواردنی ئایینی بوونەتەوە و زۆر جاران بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان تووشی ئاستەنگ دەبنەوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران و هێز و دەزگا ئەمنییەکانەوە سووکایەتی بە باوەڕ و کولتووریان دەکرێت.
کوردستان هەموو کات شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان بووە و هەر واش دەمێنێتەوە. باوەڕمەندانی ئایینی یاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنیا کاتێک ئازادییەکی ئایینییان دەبێت کە پرسی نەتەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی سیستەمێکی فێدراڵ و سێکۆلاردا چارسەر بکرێت و کوردستانییان بتوانن بەدوور لە دەستێوەردانی کەسانی دیکە، خۆیان بڕیار لەسەر ئایین و کولتوور و زمان و ڕێوڕەسم و دابونەریتەکانیان بدەن.
جارێکی دیکە بەبۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە پیرۆزبایی لە هەموو هاونیشتمانانی یاری دەکەم.
بەو هیوایەی لە کوردستانێکی ئازاددا، بە ئازادی ڕێوڕەسم و جێژنە پیرۆزەکانیان بەڕێوە ببەن.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥