کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی سێ لاوی بانەیی و ناڕوونیی چارەنووسی ژینگەپارێزێکی شنۆیی دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی

10:03 - 30 رەزبەر 2726

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ لاوی بانەیی بە ناوەکانی ژیار ڕەسووڵی، ئیلیا لوتفی تورمەکچی و محەممەد فەرەجی دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسی سولەیمان ڕەسووڵی ژینگەپارێزی خەڵکی شنۆ دوای ٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەزبەر، محەممەد فەرەجی تەمەن ۱۸ ساڵ و ژیار ڕەسووڵی منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی شاری ئارمردە، لەکاتێکدا کە بە ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگەی ئارمردە بۆ بانه دەچوون، لە گەڕەکی «سڵێمانبەگ»ی بانه بەبێ هۆکار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.

لە هەمان ڕۆژدا، ئیلیا لوتفی تورمەکچی، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی بانه، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سولەیمان ڕەسووڵی»، خەڵکی شنۆ، تێدەپەڕێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.