کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی «هەیئەتی حاکمە» لە ئێران؛ شیکاریی ناسیستمێکی قەیرانساز

11:38 - 30 رەزبەر 2726

حەسەن شێخانی

یەکێک لەو باسانەی لە فەزای سیاسیی ئێراندا باو بووە، نەبوونی یەکگرتوویی لەنێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدایە. ململانێ و دووبەرەکی لەنێو سیستمدا، پانتاییەکی بەرچاوی میدیاکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە و بووەتە جێی باس و گەنگەشەیەکی زۆر لەنێوان شرۆڤەکاران و ڕۆژنامەنووساندا؛ بەتایبەتی لەو قۆناغانەدا کە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەسەڵات بەدەست بەناو ڕێفۆرمخوازانەوە بووە، ئەم باسە زۆر گەرموگوڕتر بووە. بەو حاڵەش، زۆر جار بە گومانەوە لە ڕاستیی ئەم کێشمەکێشانە ڕوانراوە؛ کەسانێک هەبوون کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بەم دووبەرەکییە نەبووە و بە «شەڕی زێڕینگەری» و «کایەی دەسەڵات» ناویان بردووە؛ کایەیەک کە گوایە ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی ئاسانتری خۆی و بۆ خاپاندنی کۆمەڵگە سوودی لێ وەردەگرێت و لە پشت پەردەوە لەلایەن «ناوکی سەختی دەسەڵات»ەوە دادەڕێژرێت.

بێگومان ئەو ڕوانگەیەی شەڕ و کێشمەکێشی نێوان باڵ و باندەکانی ڕێژیم بە ناڕاستەقینە دەزانێت، حەقیقەتی تێدایە و نامەنتقی نییە؛ چونکە لە ئاست خەڵک و مافەکانیاندا، هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا بەدی ناکرێت و هەردوو باڵ، بەتایبەت بەرانبەر بە پرسی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، خاوەن هەمان ڕوانگەی شۆڤێنیستانەن. هەردوو باڵ نوێنەرایەتیی نەتەوەی سەردەستی فارس دەکەن و لە خزمەت پاراستنی هێژمۆنیی ئەودان. حاشاهەڵنەگرە کە ئەم خوێندنەوە و لێکدانەوەیە بەڵگەنەویستە و پێویستی بە سەلماندن نییە.

ڕاستە ئەو شەڕ و کێشمەکێشەی لەنێو سیستمی زاڵدا دەبینرێت، شەڕە لەسەر پشکی دەسەڵات، هێز و بەرژەوەندی؛ بەڵام ئەمە بە مانای ناواقعیبوونی کێشەکە نییە و نایکاتە شتێکی تەواو ڕواڵەتی کە شانۆگەریی ناوکی سەختی دەسەڵات بێت.

تێز و سەرنجی بنەڕەتیی ئەم وتارە ئەوەیە کە ئەم ناکۆکییە نەک تەنیا ناواقعی نییە، بەڵکوو قووڵاییەکی کۆمەڵایەتی و مێژووییشی هەیە؛ بە چەشنێک ڕەنگدانەوەی جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی و فەزای سیاسی و ڕۆشنبیریی نەتەوەی زاڵە. ئەم جیاوازییانە لە ئەنجامی بەریەککەوتن و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و، لە ئەنجامی هاوکێشە و ململانێی دەسەڵات، بەم شێوەیە لە سیستمی دەسەڵاتداری و کایەکانی دەسەڵاتدا ڕەنگ دەدەنەوە. بە واتایەکی دیکە، گواستنەوەی نایەکگرتوویی هەناوی کۆمەڵگەیە بۆ نێو سیستم.

ڕاستە هەموو کۆمەڵگەیەک فرەچەشنە و هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کە بە ڕێژەی جیاواز فرەڕەنگ نەبێت؛ «یەکگرتوویی» بە مانای وەکیەکی و یەکدەستیی تەواوی کۆمەڵگە، تەنیا وەهمی ئایدیۆلۆژیاکان و خەیاڵپڵاویی سیستمە تۆتالیتێرەکانە. بەڵام مرۆڤەکان ناتوانن لە دەرەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بەتەنیا بژین، بە جۆرێک کە هەر کەسە و چۆنی ویست ئاوا هەڵسوکەوت بکات و پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی گشتی نەبێت. لێرەدایە کە «ڕێککەوتن و پەیمانی کۆمەڵایەتی» دێتە ئاراوە؛ تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەک بە میکانیزمی دیاریکراو لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە کۆمەڵگە لە گشتییەتی خۆیدا چۆن بەڕێوە بچێت و بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو بنێت. ئەم ڕێککەوتنەش لە شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە. بە واتایەکی دیکە، سیستمی حوکمڕانی بەرهەمی ململانێی ڕەوتەکانی کۆمەڵگەیە و یەکلابوونەوەی ئەو ململانێیانە شێوازی بەڕێوەبردن دیاری دەکات.

سیستمە سیاسییەکان لە ئەنجامی دەیان و سەدان هاوکێشەی نێو کۆمەڵگە و هەوڵی بژاردەکان بۆ ساغکردنەوە و فۆرمولەکردنی ئەم هەمەچەشنییە لەدایک دەبن؛ ڕەوتگەلێک دێنە پێشەوە و مۆری خۆیان لە پێکهاتەی دەسەڵات دەدەن و ئەوانی دیکەش دەخرێنە پەراوێزەوە. بەم شێوەیە، ئەم هاوکێشانە وەک ئۆرگانیزمێکی زیندوو دەجووڵێن و بەریەک دەکەون و لە هەر قۆناغێکدا ڕەوتێک ئاراستە بە دەزگای بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە دەدات. جیاوازیی نێوان سیستمە سیاسییەکان لە قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکاندا شتێکی سروشتییە؛ بەشێکیان تا ڕادەیەکی زۆر نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە دەکەن و بەشێکیشیان لە ئەنجامی قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێی دەسەڵاتدا، تەنیا نوێنەری بەشێکی بچووکی کۆمەڵگەن و لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندیی ئەواندا کار دەکەن.

جیاوازییەکانی کۆمەڵگە لە فەزای گشتیدا لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکەن و بە ڕێڕەوی تەسکی دەسەڵاتدا تێدەپەڕن تا لە پێگەی فەرمانڕەواییدا جێگیر دەبن. لێرەدایە کە جیاوازیی بنەڕەتی سەر هەڵدەدات؛ لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، ئەم ڕێڕەوە کۆدەنگییەکی گشتی لەسەرە و یاسامەند کراوە. ئەوانەش کە بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن و پێکهاتەی «هەیئەتی حاکمە» یان دەستەی دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەر پێک دەهێنن، هەم نوێنەرایەتیی خواستەکانی کۆمەڵگە دەکەن و هەم پێشوەختە، لە ئەنجامی دیالۆگی نێو کۆمەڵگە و پاشانیش لە نێوخۆیاندا، لەسەر کۆمەڵێک هێڵی سەرەکی ڕێککەوتوون و کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو دەبەن.

ئەوەی سیستمی حوکمڕانیی ئێران لە وڵاتانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە میکانیزمی گەیشتن بە دەسەڵات، هیچ کۆدەنگییەکی ڕێژەیی کۆمەڵگەی لەسەر نییە؛ ئەم دەسەڵاتە لە ئەنجامی ململانێیەکی تەندروست و ئاساییدا دروست نەبووە و بەرهەمی ڕێککەوتن و پەیمانی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو کەمینەیەک بە زەبری زۆرداری و پەراوێزخستنی تەواوی کۆمەڵگە سەپاندوویەتی. ئێمە لە ئێراندا بەرەوڕووی دەسەڵاتێک دەبینەوە کە بە شێوەیەکی نامەدەنی و بەپێی «دۆخی سروشتی»ی هابزی، گورگئاسایانە لەگەڵ کۆمەڵگە مامەڵە دەکات؛ لە کەمیندایە و هەر جووڵەیەک وەک مەترسی لێک دەداتەوە و پەلاماری دەدات.

لێرەوە بە ڕوونی دوو دیاردەی سەرەکی دەردەکەون کە دەیسەلمێنن ئەم وڵاتە بێبەشە لە «هەیئەتی حاکمە»:

یەکەم؛ «هەیئەتی حاکمە» بەو مانایەی لە زانستی سیاسی و وڵاتانی دیکەدا باوە، لە ئێراندا بوونی نییە تا نوێنەرایەتیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە بکات و کۆدەنگییەکی ڕێژەیی لەسەر بێت؛ ئەوپەڕەکەی تەنیا بەشێکی بچووکی کۆمەڵگە خۆی تێدا دەبینێتەوە. ئەوانەی لە سەرەتای شەڕی چل ڕۆژەوە بە شێوەیەکی دەوڵەتی ڕێک دەخرێن و شەوانە لە هەندێک گۆڕەپانی شارەکاندا کۆ دەکرێنەوە، سەر بەو بەشە کەمەن کە سیستمی زاڵ بە هی خۆیان دەزانن و دەستیان پێوە گرتووە تا لەسەر پێ ڕایبگرن. لە ڕاستیدا، سیستم وەک کەسێکی داهێزراو وایە کە لە دۆخێکی نائاسایی و ناتەندروستدایە و، ئەوانەی نێو گۆڕەپانەکانیش هەوڵ دەدەن بە زۆر لەسەر پێی ڕابگرن تا نەکەوێت.

دووەم؛ هەیئەتی حاکمە کاتێک مانا پەیدا دەکات کە هەم لە ئەنجامی کۆدەنگیی کۆمەڵگەدا لەدایک بووبێت و هەم لە قۆناغی دواتردا لەسەر کۆمەڵێک هێڵی گشتیی بەڕێوەبردن لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتبن، تا بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی سیستم و پشتیوانیی خەڵک، وڵات بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو ببەن. کەواتە هەیئەتی حاکمە لە نەبوونی ئەم دوو ئاستە لە کۆدەنگیدا مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات؛ هەم لە نەبوونی کۆدەنگیی کۆمەڵگەدا و هەم لە نەبوونی ڕێککەوتنی نێوخۆیی خۆیاندا.

ئەوەی لە ئێراندا وا دەکات بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم وڵاتە بێبەشە لە «هەیئەتی حاکمە»، یان ئەو تاقمەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە بە مانای ڕاستەقینەی وشە هەیئەتی حاکمە نین، ئەوەیە کە هیچ ڕەزامەندی و کۆدەنگییەکی ڕێژەیی کۆمەڵگەیان لەسەر نییە. لە بنەڕەتدا ئەو ڕێڕەو و میکانیزمەی پێیدا تێپەڕیون و بە دەسەڵات گەیشتوون، بەرهەمی ڕێککەوتنی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو میکانیزمێکی پێش مەدەنی و دۆخێکی سروشتییە، بە مانا هابزییەکەی.

جێگەی سەرنجە کە ئەم تاقمە لە نێوخۆشیاندا کۆک نین لەسەر ئەوەی ئێران بەرەو چ ئاقارێک ببەن؛ ناکۆکی لە هەناوی ئەم سیستمەدایە. هەموو ئەو باس و گەنگەشانەی سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی دەرەوەدا دەیانبینین، لە پاڵ هەموو ئەو بڕیارە پێکناکۆکانەی لەسەر ئەم پرسە و مژارە هەستیارەکانی دیکەی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری دێنە ئاراوە، لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرن. کێشەی سیستمی کۆماری ئیسلامی هەر ئەوە نییە کە نوێنەرایەتیی فرەنەتەوەیی و فرەچەشنیی کۆمەڵگەی ئێران ناکات، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە سیستمێکی تۆکمەش نییە و ئەو کۆدەنگییەی پێناسەی «هەیئەتی حاکمە»یە، لێرەدا بوونی نییە. ئەوەی پێی دەڵێن ناکۆکیی جەوهەری لەسەر هێڵە گشتییەکانی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردن، لەم پێکهاتەیەدا دەبینرێت؛ سیستمێکە بەڕواڵەت یەکگرتوو، بەڵام لە هەناوی خۆیدا ناکۆک. ئەوان دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە، بەڵام لە جەوهەردا پەرشوبڵاون؛ هابز گوتەنی، وەک گورگ پەلاماری کۆمەڵگە دەدەن و هاوکات پەلاماری یەکتریش دەدەن!

هۆکاری سەرەکیی دواکەوتوویی و داڕمانی ئابووریی ئێرانیش پێش هەموو شتێک بۆ ئەم ڕاستییە دەگەڕێتەوە؛ چونکە تەنانەت کۆک نین لەسەر ئەوەی چۆن و بە چ ڕێگەیەک ئابووری بەرەو پێش ببەن. لەمبارەیەوە پەرشوبڵاوییەکی سەیر دەبینرێت؛ هەریەکە و ڕەچەتەیەک دەپێچێتەوە و بە ئارەزووی خۆی کێشە و ڕێگەچارەکان دەستنیشان دەکات، بێ ئەوەی لەسەر هێڵێکی زانستی یان هاوبەش ساغ بووبنەوە. ئەوان لە ڕاستیدا وەک چەند باندێکی مافیایی وان کە لەسەر پشکی بەرژەوەندی شەڕ دەکەن و تەنانەت لە دژی یەکتری پەنا بۆ کردارگەلێک دەبەن کە لە هیچ وڵاتێکی ئاساییدا نابینرێت؛ ئەو نفووزە زۆرەی ئیسرائیل کە لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، ڕیشەیەکی بۆ ئەم نایەکگرتووییە دەگەڕێتەوە.

لە ڕاستیدا، ئەوەی ئێمە لە ئێراندا دەیبینین «سیستم» نییە، بەڵکوو «ناسیستم»ە؛ «هەیئەتی حاکمە» نییە، بەڵکوو چەند باندێکی مافیایین کە شەڕیان لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی وڵاتە. تەنیا لە کاتی ڕاپەڕینی کۆمەڵگەدا بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان یەک دەگرن و پەلاماری خەڵک دەدەن، دواتریش بێباک لە مافی خەڵک، دەکەونەوە شەڕی نێوخۆیان.

هەر بۆیەشە زۆر جار، بەتایبەت لە کوردستان، لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا، خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان خۆیان جڵەوی کاروبارەکان بەدەستەوە دەگرن، هەر وەک ئەوەی دەوڵەتێک بوونی نەبێت. لێرەدایە کە دەگەینە چەمکی «بێدەوڵەتی» لە ئێراندا؛ نەبوونی دەوڵەتێک کە کۆدەنگیی خەڵکی لەسەر بێت و بەرپرسیارانە کاروباری هاووڵاتییان ڕایی بکات.

جیاوازییەکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە ئەوەیە کە سیستمێکی سیاسیی بەرتەسکە و تەنیا لەسەر بنەمای تاکەشوناسیی نەتەوەیەک بنیات نراوە؛ نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران هیچ جێگە و پێگەیەکیان لەم سیستمەدا نییە، نوێنەرایەتی ناکرێن، پەراوێز خراون و دەچەوسێندرێنەوە. تەنانەت دەسەڵات لە نێو ئەو بەشەشدا کە نوێنەرایەتیی دەکات، کۆدەنگی لەسەر نییە و لە نێوخۆشیاندا کۆک نین کە چۆن وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە. هەرکەسە و شتێک دەڵێت، هەرکەسە و ڕێکارێک دەخاتە ڕوو، هەر باندە و لە خەمی بەرژەوەندیی خۆیدایە و لە دەلاقەی بەرژەوەندیی خۆیەوە لە مەسەلەکان دەڕوانێت. بۆیە کێشەکان نەک چارەسەر نابن، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ کەڵەکە دەبن، قووڵتر دەبنەوە و پەرە دەستێنن.

ئابووریی داتەپیوی ئێران، ڕێک بەرهەمی ئەم ناسیستمبوونەی کۆماری ئیسلامییە؛ بەرهەمی شێوازێک لە بەڕێوەبەرییە کە هی قۆناغی پێش مەدەنییەت و پێش پەیمانی کۆمەڵایەتییە و بەرهەمی بەریەککەوتنی بەردەوامی باندەکانە لەگەڵ یەکتر. نە کۆدەنگییان لەسەرە و نە لە نێوخۆشیاندا کۆدەنگن.

ئەمڕۆ ئەوەی بە ڕوونی لە ئێراندا دەبینرێت، دروستبوونی «کۆدەنگییەکی نەرێنی»یە لە دژیان؛ کۆدەنگییەک بۆ کۆتاییهێنان بە تاقمێک کە هەیئەتی حاکمە نییە و، بۆ ڕەتکردنەوەی ناسیستمێک کە خۆی وەک سیستم دەنوێنێت. ئەگەر تا ئێستاش ماوەتەوە، لە تۆکمەیی خۆیەوە نییە، بەڵکوو تەنیا بەرهەمی زەبروزەنگی گورگئاسایەتی بەرانبەر بە کۆمەڵگە و لاوازیی یەکگرتوویی دژبەرانی ئەم ڕێژیمەیە؛ پێکهاتەیەکی بێڕیشە کە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی ڕێکخراوی خەڵکدا، دادەڕمێت.