چەند هاووڵاتییەک بە ناوەکانی شیروان سولەیمان نژاد خەڵکی ورمێ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دیاری عەبدی خەڵکی سنە، عەلی مورادیان و ڕەزا تیج خەڵکی بەدرەی ئیلام دوای دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ڕەزا تیج»، لاوی ٢٣ ساڵەی خەڵکی ئاوایی «پاکڵ گراو»ی سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ١٤٠٤، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی «عەلی مورادیان»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی «بانهڵان»ی سەر بە شاری بەدرەی ئیلام، چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕەزبەر، دیاری عەبدی، خوێندکاری تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی سنە، لە نزیک «پردی مەردۆخ»ی ئەم شارە بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە.
هاوکات شیروان سولەیماننژاد، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی ورمێ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.