
سمایل شەرەفی
هەواڵی دامەزراندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی ئیلام، سەلمێنەری لەسەرپێبوونی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی فەرهەنگی و زانستیی کۆمەڵگەیەکە کە لە پێناو بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیەک کە لە ماف و ئازادییەکانی بێبەش کراوە، لێبڕاو و شێلگیرە. ملدان بە بەرەوپێشچوونی ئەم هەنگاوە قورس و قایمانە، نە بە مانای کرانەوەی دەسەڵات بەڕووی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندایە و نە دەکرێ بە مانای پێکهاتنی فەزای ئازادی لە ئێران و کوردستان لێک بدرێتەوە؛ بەڵکوو بەرهەمی ئازایەتی و بەردەوامبوونی کۆمەڵگە و دڵسۆزانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە. بۆیە ئاشکرایە زمانی کوردی بە پشتیوانیی خەڵک، نووسەران، چالاکانی کولتووری و مەدەنی و بە هەوڵی چەند نەوە و بەرەی جیاواز، گەشەی کردووە و پارێزراوە و، پێگەی ئەو زمانە، بەدەر لە چوارچێوەی بڕیار و سیاسەتی دامەزراوە فەرمییەکانە.
دامەزراندنی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی ئیلام، ڕووداوێکی گرنگە بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەی زمانی کوردی و پەرەپێدانی دەرفەتەکانی پەروەردە بۆ بەرەی لاوی کوردستان. خوێندنی زمانی کوردی لە ناوەندێکی زانستیی وەک زانکۆی ئیلام و لە ئاستی کارناسیدا، جیا لە دەرخستنی پێگەی بەرزی ئەم زمانە، دەرفەتێکی هەرچەند بەرتەسک، بەڵام باشە بۆ «بەزانکۆییبوون»ی زمانی کوردی وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد کە سەدان ساڵە زاربەزار بە شاخ و دۆڵەکاندا پارێزراوە. بۆیە ئێستا مافی خۆیەتی لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و زانستیی کوردستان، لە پێگەی زانکۆ و زانستییانە پارێزگاری لە زمانی کوردی بکرێت.
هەرچەند بەخۆشحاڵییەوە بە دەیان ساڵە زمانی کوردی لە زانکۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور و لە ئاستی جۆراوجۆردا گەشەی پێ دراوە و قەوارەیەکی زانستی بەخۆیەوە گرتووە و کاری پێ دەکرێت، بەڵام جێکردنەوەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەویش لە زانکۆی ئیلامدا، مانا و مەفهوومێکی دیکە و تایبەتی هەیە.
هەروەک یەکێک لە دڵسۆزانی چالاک لە بەئاکامگەیشتنی ئەم هەوڵەدا لە وتارێکدا بە دروستی ئاماژەی پێ داوە؛ زمانی کوردی پێگە و کەسایەتییەکی وەها قورس و قایمی هەیە کە ئێستا ئیتر زانکۆ وەک ناوەندێکی بەرزی زانستی خاوەندارێتیی لێ دەکات. زمانی کوردی ئەو پۆتانسیێلە زانستییەی تێدایە کە بتوانێت بە زمانی زانستی بنووسرێتەوە و تۆمار بکرێت و، هیچ شک لەوەدا نییە کە زمان بە نووسین و تۆمارکردنەوە دەتوانێت پارێزراو بێت و زیاتر گەشە بکات. ئێستا کە زانکۆی ئیلام شانازیی بەشێک لەم خاوەندارێتییەی پێ بڕاوە، مانای تایبەت بە خۆی هەیە.
هەروەک دوکتور هومایوون مورادنەژادی، سەرۆکی زانکۆی ئیلام لە وتارێکیدا لەم بارەیەوە دەڵێت: «کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە ئاستی کارناسیدا لە زانکۆی ئیلام دەتوانێت ببێتە بەستێنێکی زانستی بۆ کۆکردنەوە، شیکاری، نووسینەوە و تۆمارکردنی ئەم میرات و کەلەپوورە ڕەسەنە کە ئەگەر ئەوە نەکرێت، بە تێداچوونی نەوەکان، بەرەبەرە لەنێو دەچن و نامێنن. لەم پێوەندییەدا زانکۆ تەنیا شوێنی وتنەوە و وانەی نووسین و خوێندنەوەی زمان و مێژووی ئەدەبیات نییە؛ دەتوانێت ماڵێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە یادەوەریی کولتووریی میللەتێک. ئەم دەرفەتە دەتوانێت ببێتە پردێک لە نێوان ئەوەی کە سەدان ساڵە خەڵک زارەکی وتوویانەتەوە و ئەمڕۆ زانکۆ دەتوانێت بینووسێتەوە و تۆماری بکات. بۆیە دامەزراندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی ئیلام نە بە مەبەستی دابڕان لە ڕابردووە، بەڵکوو خوێندنەوەی زانستییانەی ڕابردووی میللەتێک و کردنەوەی پەنجەرەیەکە بۆ ناساندنی کولتوور و مێژووی خەڵکێک بەرەو ئێران و جیهان.»
ئێمە کە پاراستنی زمان و شوناسی کوردی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەزانین و ئەم ڕووداوە بە دەرفەتێکی ئەرێنی و شیاوی ئاوڕلێدانەوە دەبینین، چاوەڕوان دەکرێت دامەزرێنەرانی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی ئیلام و مامۆستایانی ئەم بەشە، بە ڕوانینێکی زانستی، شیکاری و کراوەتر لە ڕشتەیەکی خوێندن لێی بڕوانن و لە ئاستی پڕۆژەیەکی گەورەتر و لە چوارچێوەی هەوڵێک لە پێناو گەشەی زمانی کوردی، ناساندن و تۆمارکردنی میرات و کەلەپووری گەلی کورددا سەیری بکەن. لە هەمان کاتدا پاراستنی ئەم دەستکەوتانە، هەوڵدانی زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەنستیتۆ و کۆڕ و ناوەندی هزری، ئەدەبی، زمانەوانی، وەرزشی، ئابووری... بۆ پەرەپێدانی شارستانییەت و گەشەی هەمەلایەنە لە کوردستان ئەرکی چالاکان و دڵسۆزانی ئەم بوارانەیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕوانگەیەکی فرەڕەهەند و فرەچەشنی بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتی و شوناسخوازانەی کوردستان هەیە و بە چاوی ڕێزەوە لە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان لە نێوخۆ دەڕوانێت، دامەزراندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی ئیلام بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەزانێت.
بۆیە هەروەک ئاماژەمان پێ دا؛ لە ڕوانگەی ئێمەوە، پرسی زمان لە شوناسی نەتەوەیی، ژیانی کۆمەڵایەتی و داهاتووی سیاسیی کوردستان جیا ناکرێتەوە. بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم خوێندکاران، مامۆستایان و ئەو کەسانە دەکەین کە لە پێناو پرسی ناسنامە و کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لەم زانکۆیە، لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون.
هیوادارین ئەم هەنگاوە، بوار بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی پێگەی زمانی کوردی لە پەروەردە، زانست و ژیانی خەڵکی ئێمە، بەتایبەت لە ئیلام، خۆش بکات.