کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری نەتانیاهو دەڵێ ئیسرائیل لە دروستکردنی هەلومەرجی گۆڕینی ڕێژیم «گەلێک نزیک» بووەتەوە

07:41 - 3 خەزەڵوەر 2726

ئورشەلیم پۆست – زڤیکا کلاین، ئامیچای شتاین

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور

ئۆفیر فالک گوتی زەختی ئابووری و سەربازی دەرفەتێکی بۆ ئێرانییەکان ئافراندووە کە فەرمانڕەواکانیان بگۆڕن، هاوکات جەختی کردەوە کە گۆڕینی ڕێژیم لە دەستی خەڵکی ئێرانە.

ئۆفیر فالک، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک وەزیران، بنیامین نەتانیاهو، لە وتووێژێکی نێو ستودیۆدا، لە کاتێکدا کە پێداگر بوو کە خەڵکی ئێران بڕیاردەری داهاتووی وڵاتەکەیانن، بە ئورشەلیم پۆستی گوت کە ئیسرائیل گەلێک لە پێکهێنانی پێشمەرجەکانی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران نزیک بووەتەوە.

کاتێک لە فالک پرسیار کرا زەختەکانی سەر تاران چەندە بواریان بۆ گۆڕینی ڕێژیم خۆش کردووە، ناوبراو گوتی: «من پێموایە ئێمە گەلێک لە ڕەخساندنی ئەم هەلە نزیک بووینەتەوە. هەر ئێستا کە ئێمە بە یەکەوە قسە دەکەین، ئەم پێشمەرجانە لە دروستبووندان (خەریکن دەخوڵقێنرێن).»

لە کاتێکدا کە فالک گفتوگۆی لەگەڵ سەرنووسەری ئورشەلیم پۆست زڤیکا کلاین و هەواڵنێری دیپلۆماتیک ئامیچای شتاین دەکرد گوتی کردەوەکانی ئیسرائیل ئەو پێشمەرجانەی دروست کردوون کە ڕێگە بە ئێرانییەکان دەدەن ئالنگاری بۆ فەرمانڕەواکانیان دروست بکەن.

ئەو گوتی، گۆڕینی ڕێژیم لە دەست خەڵکی ئێرانە.

فالک گوتی گەمارۆی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو بووە، هاوکات ئاماژەی کرد کە زەختە ئابوورییەکان پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بە ئاکام بگەن. ئەو گوتی ئێران و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی بە هۆی جەنگەوە تووشی زیانی جیددی بوون و باسی پێکرانی کەسایەتییە پلەبەرزەکانیان، زانایانی ئەتۆمی، هاژەکەکان، سەکۆکانی هاوێشتنی هاژەک و تواناکانی بەرهەمهێنانی کرد.

شتاین پرسیاری کرد ئاخۆ ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامرازی پێویستیان داوە بە خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن فەرمانڕەواکانیان تووشی ئالنگاری بکەن. فالک باسی ئۆپەراسیۆنی «شێری ڕابوو» و «شێری نەڕێنەر»ی وەک «دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی سەربازی لە مێژووی ئەم دواییانەدا» کرد و، گوتی دەستکەوتەکانیان «سەرسوڕهێنەر» بوون، هاوکات دانی بەوەدا نا کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بێخەوش نییە.

ئەو هەروەها دانی بەو مەترسییانەدا نا کە ئەوانەی چوونەتە سەر شەقامەکان تووشی بوونەتەوە و ئاماژەی بە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران لە لایەن ڕێژیمەوە کرد. کاتێک باسی مەترسییەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران کرا، ئەو گوتی: «من ڕێزم هەیە بۆ نیگەرانییەکان لەمەڕ مەترسییەکانی سەر خەڵک.»

فالک باسی خشتەیەکی کاتی بۆ ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە تاران و هەروەها وردەکارییەکانی پشتگیریی داهاتوو بۆ ئەو ئێرانییانەی داوای دەکەن، نەکرد.

چەکداماڵینی غەززە و پێشنیاری پشوویەکی دوو حەوتوویی

لە پەیوەندی لەگەڵ غەززە، فالک گوتی حەماس دەتوانێ «لە پاشنیوەڕۆیەکدا» چەک دابنێت، بێتوو بیهەوێت و، ئیسرائیل هێزەکانی تا ئەو کاتەی ئەم تاقمە بە تەواوی چەک نەکراوە، پاشەکشەیان پێ ناکات. ناوبراو گوتی، نۆژەنکردنەوە دەبێ ڕابگیرێت تا دوای چەکداماڵین.

ئەو گوتی: «بێتوو حەماس بیهەوێ چەک دابنێت، دەتوانێت لە پاشنیوەڕۆیەکدا ئەم کارە بکات و، ئێمە چاوەڕوانی ڕووداوێکی ئەوتۆین.»

فالک سێ داخوازی لە بارەی غەززە خستە ڕوو: چەکداماڵینی حەماس، داماڵینی هێزی چەکدار لەو کەرتە و میانڕەوکردنی دانیشتووان. ئەو گوتی ئەم داخوازییانە لەگەڵ نەخشە ٢٠ خاڵییەکەی ترامپ یەک دەگرنەوە.

دەستەی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی ترامپ بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دامەزرا، لە نێویاندا نۆژەنکردنەوەی غەززە و گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەکی بەڕێوەبەریی نوێ.

شتاین زەختی خستە سەر فالک لەمەڕ هۆی قبووڵ نەکردنی وچانێکی دوو حەوتوویی لە بە ئامانجگرتنی کەسانی داواکراو و چالاکییە سەربازییەکانی دیکە لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بە حەماس بدرێت چەک دابنێت. پرسیارەکە پاش باسی ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە هەڵوێستی ئیسرائیل بەرانبەر بە کاری دەستەی ئاشتی، هاتە ئاراوە.

فالک گوتی ناوبراو ئاگاداری پێشنیاری ١٤ ڕۆژە نییە. ئەو دووپاتی کردەوە کە حەماس و سەرجەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی غەززە دەبێ چەک دابنێن و، هەتا حەماس لە سەرانسەری خاکی غەززەدا چەک دانەنێت، ئیسرائیل پاشەکشە ناکات. ئەو گوتی: «ئێمە هیچ شتێکی دیکە قبووڵ ناکەین.»

لە شەڕی زانیاریدا «ئێمە هێندە سەرکەوتوو نەبووین»

هەڵسەنگاندنی فالک لە بارەی پێگەی سیاسی ئیسرائیل بەردەوام گەشبینانە بوو. ئەو ئاماژەی بە پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، هیندستان، وڵاتانی باشووری ئەمریکا و هاوبەشە ئەورووپییەکان، وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی چەسپاوبوونی پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل بە هۆی توانای سەربازیی ئەو وڵاتەوە هێنایەوە.

کلاین ئەو هەڵوێستەی هێنایە ژێر پرسیار و لەبارەی دژایەتییەکان لەنێو دێموکراتەکان و نیشانەکانی خراپتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمارییەکان پرسیاری کرد. شتاین باسی لێدوانەکان لەبارەی ساڵوەگەڕی ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبری کرد کە تێیدا کەسایەتییە سیاسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێکی بەرچاو لە باسەکانیان بۆ ئاماژە بە ئازارچەشتنی فەلەستینییەکان و ڕەخنە لە ئیسرائیل تەرخان کردبوو. فالک دانی بە بوونی کێشە لە نێو ڕای گشتیدا نا.

ئەو گوتی: «ئێمە تووشی جەنگێکی حەوت بەرەیی بووین و، لە بەرەی هەشتەم، واتە جەنگی زانیاری، وەک لە بەرەکانی دیکەدا بە شێوەی پێویست سەرکەوتوو نەبووین و، ئێمە دەبێ ئەمەش چارەسەر بکەین.»

لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو پێداگر بوو کە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ واشینگتۆن بەردەوام بە شێوەیەکی بێوێنە نزیکە و ئاماژەی بە چالاکییە سەربازییە هاوبەشەکان، پلاندانان و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان نەتانیاهو و ترامپ کرد.

کاتێک پرسیاری لێ کرا لە یەک یان دوو حەوتووی ڕابردوودا چەند جار ئەم دوو ڕێبەرە پێکەوە قسەیان کردووە، فالک گوتی ئەوان زۆر جار پێکەوە قسە دەکەن بەڵام بە وردی نازانێ کەی.

کاتێک لەبارەی بۆچوونە جیاوازەکان لەمەڕ ئێران پرسیاری لێکرا، ئەو گوتی: «من هێشتا نەمدیوە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لەسەر پرسە گەورەکە ناکۆک بن (هاوڕا نەبن).»

کاتێک گوشار خرایە سەری کە ئاخۆ داواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووەتە هۆی دانبەخۆداگرتنی ئیسرائیل لە بڕیارە سەربازییەکاندا، فالک گوتی هەڵوێستی نەتانیاهو ئەوەیە کە کاتێک مومکین بێت ئەم داوایە جێبەجێ بکات بەڵام کاتێک ئاسایشی ئیسرائیل بخوازێت، داواکە ڕەت بکاتەوە. ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە نەتانیاهو چەند جار ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

کاتێک سەبارەت بە دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکان پرسیاری لێکرا، فالک گوتی: «ئێمە هەموویان دەگەڕێنینەوە.»

فالک گوتی نەتانیاهو گریمانە سەرەتاییەکانی هەندێک کەسی ڕەت کردەوە کە دەیانگوت حەماس سەرجەم بارمتەکان دەکوژێت و پێداگر بوو کە ئامانجێکی فەرمیی جەنگ دەبێ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەگیراوان بۆ ماڵەوە بێت.

فالک گوتی: «سەرۆک وەزیران ئەوەی قبووڵ نەکرد. ئەو گوتی ئێمە هەمووان دەستێنینەوە و، ئێمە ئەمە دەکەینە ئامانجێکی شەڕ کە هەمووان بگەڕێنینەوە.»

فالک پێداگر بوو کە زەختی سەربازی، زەختی سیاسی و هەڵوێستی ئەمریکی-ئیسرائیلی پێکەوە بوونە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان. ئەو گوتی ئەو جیاوازییەی لە نێوان ئورشەلیم و واشینگتۆن دەبینرا بووە هۆی کشانەوەی حەماس لە دانوستانەکان.

فالک هەروەها گوتی ئەوە نەتانیاهو بوو کە زەختی خستە سەر سەرۆک کۆماری ئەوکات، جۆ بایدن، بۆ گوشار خستنە سەر قەتەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکرانی بەشێکی دیکە لە بارمتەکان لە چوارچێوەی یەکەم ڕێککەوتن لە نۆڤامبری ٢٠٢٣.

یەکێک لە باسە سەرەکییەکان ئەوە بوو ئاخۆ ئیسرائیل دەیتوانی ڕێککەوتنی زیاتر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە نێوان ڕێککەوتنەکانی نۆڤامبری ٢٠٢٣ و ژانویەی ٢٠٢٥ جێبەجێ بکات.

شتاین پرسیاری کرد ئاخۆ هیچ ڕێککەوتنێک لەو کاتەدا مومکین بوو، جیاوازیی دانا لە نێوان ئاخۆ ڕێککەوتنێک مومکین بوو و ئاخۆ ڕێککەوتنەکە بە قازانجی ئیسرائیل دەبوو یان نا. فالک لە سەرەتادا وەڵامی دایەوە: «نا، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر مێز نەبوو.»

کاتێک گوشاری خرایە سەر، ناوبراو وەڵامەکەی بە ئامانجەکانی شەڕ لە لایەن دەوڵەتەوە دایەوە: نەهێشتنی توانای سەربازی و دەوڵەتداریی حەماس، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە چیدیکە غەززە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

ئەو گوتی: «هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نەبوو کە بتوانێت ئامانجەکانی شەڕی ئیسرائیل مسۆگەر بکات.»

فالک گوتی ڕێککەوتنێک کە داوای ئازادکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەندییە فەلەستینییەکانی دەکرد، کشانەوە و جێهێشتنی هەڕەشەی پێش شەڕ وەک خۆی، بە پێچەوانەی ئامانجە پەسەندکراوەکانی کابینەوە بوو. ئەو باسی پێشنیاری ئیسرائیلی کرد کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەوکات، ئەنتۆنی بلینکن لە ئاوریلی ٢٠٢٤ وەک «لە ڕادەبەدەر بەخشندانە» وەسفی کردبوو، بەڵام حەماس ڕەتی کردەوە.

گێڕانەوەکە باسی کێشەیەکی دەکرد کە لەگەڵ ڕێکخەری پێشووی کۆشکی سپی، برێت مەکگۆرک، لەسەر کتێبی ناوبراو بە ناوی «لێوار: لەنێو کێبڕکێی ئازادکردنی بارمتەکانی ٧ی ئۆکتۆبر»، و وتووێژی ئەم دواییانەی مەکگۆرک لەگەڵ ئورشەلیم پۆست هاتبووە ئاراوە.

لە وتووێژێکی جیاوازدا لە پۆدکاستی دان سینۆر بە ناوی «زەنگم بۆ لێبدەوە»، فالک ئیدیعای مەکگۆرک لەمەڕ ئەوەی کە حەماس چەند ڕۆژ دوای ٧ی ئۆکتۆبر ئامادەیی دەربڕیبوو سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، بە «قسەیەکی بە تەواوی بێمانا» ناو بردبوو. ئەو گوتی حەماس داوای ئازادکردنی سەرجەم بەندییە فەلەستینییەکان، بەردەوامبوونی حوکمڕانیی حەماس و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش شەڕی کردبوو.

فیل گۆردۆن، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆک کۆمار بایدن، کەمالا هاریس بوو، ئیدیعاکەی مەکگۆرکی کە تێیدا نەتانیاهوی تاوانبار دەکرد، وەدرۆ خستەوە. گۆردۆن گوتی، نەتانیاهو لە ژوئیەی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی حەماس چوارچێوە بنەڕەتییەکەی قبووڵ کردبوو، مەرجی نوێی هێنانە گۆڕێ کە بووە هۆی دواکەوتنی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی شەش مانگ.

٧ی ئۆکتۆبر: «دەبێتە شەڕێکی درێژخایەن»

فالک هەروەها باسی بەیانی ٧ی ئۆکتۆبری کرد و گوتی ناوبراو خەوتبوو کاتێک هێرشەکە دەستی پێکرد و ماوەیەکی کورت دواتر پێوەندیی پێوە کراوە کە بچێتە «کیریا»، ناوەندی فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە تێل ئەڤیڤ.

بەر لەوەی بڕوات، منداڵەکانی، کە لە نێو سوپادا خزمەتیان دەکرد، لە خەو هەستاند و پێیانی گوت خۆیان بە یەکەکانی خۆیان بناسێنن.

ئەو گوتی نەتانیاهو لە کاتی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی هێرشەکەدا خاوەن سەرنج و هێمن بوو. فالک لەبیری مابوو کە نەتانیاهو پێی گوتبوو «شەڕێکی دوورودرێژ دەقەومێت»، و ئەم قسەیەی لە ڕێگای چوون بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ئاسایش کردبوو.

بە گوتەی فالک، ڕێنوێنییە دەستبەجێکانی نەتانیاهو بەهێزکردنی بەرەی باکوور بۆ چاوترسێنکردنی حیزبوڵڵا لە تێوەگلان لە شەڕدا، ڕێگەدان بە سوپا بۆ جەختکردن لەسەر باشوور، پێشگرتن بە گەڕانەوەی ئەو تیرۆریستانەی هاتبوونە نێو ئیسرائیل بۆ نێو غەززە و بانگکردنی هێزی یەدەگ لە کاتی پێویستدا بوو.

فالک گوتی، تا ئەو جێیەی لەبیری ماوە، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، ئیمانوێل ماکرۆن یەکەم ڕێبەری بیانی بوو کە لەو ڕۆژەدا پێوەندیی بە نەتانیاهوەوە کرد. ئەو لەبیری مابوو کە ماکرۆن پێشنیاری نێوبژیوانی لە ڕۆژی کارەساتەکەدا کردبوو بەڵام نەتانیاهو ڕەتی کردبووەوە.

بە گوتەی فالک، نەتانیاهو حەماسی لەگەڵ داعش بەراورد کرد و هۆشداریی دا بە ماکرۆن کە بێتوو ئیسرائیل لە غەززە پێش بە حەماس نەگرێت، ماکرۆن دەبێ لە پاریس ڕووبەڕوویان بێتەوە. فالک گوتی نەتانیاهو بە ماکرۆنی گوت بە نوێنەرایەتیی ناوبراو پەیام نەگوازێتەوە و ئەوەشی زیاد کرد کە حەماس بەمزووانە پەیامی ئیسرائیلی پێدەگات.

ئەو هەروەها ئەو هەواڵانەی کلاینی وەدرۆ خستنەوە کە گوایە سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان پێش ٧ی ئۆکتۆبر بە مەبەستی پێشگرتن بە هێرشەکە پێوەندیی بە نەتانیاهوەوە کردبێت.

فالک گوتی: «پێوەندییەکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە.»

کلاین جیاوازیی لە نێوان ئەو ئیدیعایانە دانا کە باسی ئەگەری پەیوەندیی نێوان هەواڵگرییەکانی ئەم دوو وڵاتە دەکەن. فالک گوتی ئەو ئاگاداری هیچ جۆرە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەیەک نییە، هاوکات ڕەتی کردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ڕێبەرەکان هاتبێتە ئاراوە.

ڕێککەوتنی ئیبراهیم و عەرەبستانی سعوودی

لەبارەی دیپلۆماسیی ناوچەییەوە، فالک ستایشی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و گوتی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیم، کە بە نێوبژیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ٢٠٢٠ واژۆ کرا، لە ماوەی شەڕیشدا گەشەیان کردووە.

کاتێک پرسیار کرا بۆچی ئیمارات بە فەرمی سەردانی نەتانیاهوی پشتڕاست کردەوە، فالک گوتی بەم کارە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات کرا. ئەو لە وەسفی سەردانەکەدا گوتی «ناوازە بوو.»

ئەو پشتگیریی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی کرد بەڵام باسی هیچ وردەکارییەکی دانوستانەکان یان مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی نەکرد.

لە وتووێژەکەدا هەروەها باسی ڕووداوی دابەزینی سەرنشینەکانی فلای دوبەی لە عەرەبستانی سعوودی کرا. پرسیار کرا بۆچی پێش بە فڕینی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئیسرائیلی بۆ گەڕاندنەوەی سەرنشینەکان گیرا، فالک پێداگری لەسەر ڕەفتاری شیاو لەگەڵ خەڵکەکە و گەڕاندنەوەی بە سەلامەتیی ئەوان بۆ ئیسرائیل کرد. ئەو گوتی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەبارەی ڕووداوەکە بەڕێوەیە.

لەبارەی حوسییەکان، جووڵانەوەی پشتگیریکراو لە لایەن ئێرانەوە لە یەمەن، فالک هێرشەکانی ئەوانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی سەرکۆنەکرد و گوتی ئیسرائیل بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی دەکات. ئەو باسی نەکرد ئاخۆ ئیسرائیل لە دژی ئەم گرووپە، یارمەتی بە عەرەبستانی سعوودی دەکات یان نا.

کاتێک پرسیاری لێکرا، چ شتێک پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، فالک لە سەرەتادا گوتی ئیسرائیل پێویستە براوەی جەنگ بێت و پاشان ئاشتی بپارێزێت. کاتێک گوشاری بۆ هێنرا کە ئاخۆ ئاساییکردنەوە پێویستە دوا بکەوێت، ئەو گوتی ڕێککەوتن کاتێک ڕوو دەدات کە هاوبەشەکان ئامادە بن.

ئەو گوتی: «من پێموایە ئەمە ڕوو دەدات و ئەمە گەلێک خێراتر لەوەی بیری لێ دەکەنەوە ڕوو دەدات.»