ماوەی چەندین ڕۆژە خالید بەرزنجی خەڵکی سنە، ئەحمەد نەجەفنیا و موبین ماهیگیر خەڵکی ئیلام، پەریا نەسیری خەڵکی نەغەدە، سەدری بەخشی خەڵکی بۆکان و هادی ئازەرەنگ خەڵکی بۆجنووردی خۆراسان دوای دەسبەسەرکرانیان، بیسەروشوێن کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری ئەحمەد نەجەفنیا، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “لۆمار”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژ، دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی خالید بەرزنجی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی سنە، هێشتا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەریا نەسیری، قوتابیی ۱۷ ساڵی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شوێنی خوێندنی دەسبەسەر کراوە و بە تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هێشتا نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، سەدری بەخشی، هاووڵاتیی ژنی تەمەن ٤٣ ساڵی کورد و خەڵکی گوندی سێگردانی سەر بە بۆکان، بە تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانیدا، هێشتا لە گرینگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕاگیراوە و لەژێر گوشاری ئەمنییەتیدایە.
هاوکات، هادی ئازەرەنگ، لاوی کورد و خەڵکی بۆجنوورد، لە ئەنجامی هەڵکوتانی شەوانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی خێزانەکەی دەسبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، پاش تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی «موبین ماهیگیر»، خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە شاری چەرداوڵی ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە.