لە دەستکەوتێکی مەزن و جیهانیدا، کچی لاو و لێهاتووی کورد، ئەڤین عەبدوڵڵاهی خەڵکی ورمێ و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوو خەڵاتی جیهانیی بە دەست هێنا. خەڵاتی یەکەم لە چوارچێوەی پێشبڕکێ و چالاکی جیهانیی ئینۆوێرس( INNOVERSE) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ تۆمار کرا کە تێیدا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێنا و میداڵی زێڕی ئەم چالاکییەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ناوبراو خەڵاتی دووەمی لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی IFIA بۆ داهێنەران بەدەست هێنا کە لە سویس بەڕێوە دەچێت و ئەڤین توانیی پلەی دووەمی ئەم کێبڕکێیەش بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
ئەڤین عەبدوڵڵاهی لەمبارەوە ڕایگەیاند: "پێشبرکیی ئینۆوێرس لە ئەمریکا لە سەر چالێنجەکانی پەیوەندیدار بە AI بەڕێوە دەچێت کە کۆمپانیاکانی گۆگڵ و مایکرۆسۆفت سپۆنسەریان دەکرد، پڕۆژەکەی من کە لەسەر بنەمای مۆدێلی پێشکەوتووی شیکاری و پێشبینی ترافیک و داتا ئاڵۆزەکان بنیاد نراوە، توانی سەرنجی سەرجەم داوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕابکێشێت و لەنێو هەزاران پڕۆژەی جیهانیدا پلەی یەکەم و میداڵی زێڕ بەدەست بهێنێت. ئەم پڕۆژەیە سیستەمێکی پێشکەوتووی پشتبەستوو بە زیرەکی دەستکرد (AI) ـە کە بە شێوەیەکی زیرەکانە کۆمەڵێک داتای گرنگ، لەوانە: پێشبینیکردنی دۆخی کەشوهەوا، شیکردنەوەی دۆخی ڕێگاوبان، مێژووی ڕووداوەکانی پێشووی هاتوچۆ و ژمارەیەکی زۆر داتای دیکە بەکار دەهێنێت بۆ پێشبینیکردنی ڕێژەی ئەگەری ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کە شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە خەڵاتەکەی دیکەی وتی: "پێشبرکێی IFIA کە لە وڵاتی سویس بەڕێوە دەچێت بیرۆکە و داهێنانی نوێ لەخۆ دەگرێت کە من تێیدا بە بیرۆکەی نوێ توانیم ڕای هەڵسەنگێنەران بۆ بیرۆکەی خۆم ڕاکێشم کە پەیوەندیی بە بواری گرنگی سەلامەتی مرۆڤەوە هەبوو، ئەم بیرۆکەیە بەرهەمی کار و تێکۆشانی من لە ماوەیەکی زۆردا بوو کە توانیی پلەی دووەم بە دەست بهێنێت کە یەکێکە لە بڕوانامە باوەڕپێکراو و گرنگەکان لە بواری داهێنانەوە. ناوم وەک داهێنەر لە ماڵپەرەکەیاندا تۆمار کراوە و کۆدی تایبەت بە داهێنەریم لە ئاستی جیهان وەرگرتووە.