ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە خەدیجە قادری ژنە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و دایکی شەهید ئیدریس هۆرموزی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
دایە خەدیجە قادری لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ئاوایی مێمانداری نەغەدە لە دایک بووە و نموونەی دایکێکی شۆڕشگێڕ و ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو.
تاکە ئاواتی ناوبراو ڕزگاریی کوردستان و سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات بوو کە بەداخەوە بەو ئاواتە پیرۆزەوە سەری نایەوە.
شایانی باسە کوڕێکی دایە خەدیجە بە ناوی ئیدریس هۆرمۆزی لە ڕیزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتدایە.
کاک ئیدریس هۆرمۆزی، خەڵکی پیرانشار، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی بوو، ساڵی ١٣٦٩ پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرتووە. ساڵی ١٣٧٢ پەیوەست بە ڕیزی ئاشکرای حیزبی دێموکراتەوە بووە و وەک پێشمەرگە لە مەڵبەندی سپیسەنگ لە هێزی قەندیل سازمان دراوە.
ناوبراو ساڵی ١٣٧٨ لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم، لە گوندی "قەڵاتە"ی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هاوڕێ لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دیکەی بە برینداری بەدیل دەگیرێ و لە بەندیخانەکانی ورمێ و "ڕەجایی شار"ی کەرەج بەند دەکرێ. ئەوان کە هەر کام حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێ، دوای پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان، خۆ دەرباز دەکەن و ساڵی ١٣٨٣ دەگەڕێنەوە نێو ڕیزەکانی حیزب.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک ئیدریس کە ئەوکات بەرپرسی مەڵبەندی ١ی کوردستان بوو، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمانەوە.
دایە خەدیجە هەتا ئەو کاتەی مابوو شانازیی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان و کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد و پێی وەفادار مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی پیرانشاردا بە خاکی پیرۆزی کورستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.