کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: هەر وڵاتێک پشتیوانی لە مافەکانی کورد بکات بە شتێکی باشی دەزانین

14:42 - 9 خەزەڵوەر 2726

پێشەکی:

لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تیشک دەخاتە سەر هەڵوێست و لێدوانەکانی بنیامین نەتانیاهو لەمەڕ پرسی کورد لە چوارچێوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا. عەزیزی ڕوونی دەکاتەوە کە حیزبی دێموکرات پێشوازی لە پشتیوانیی هەر دەوڵەتێک دەکات کە داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و خەباتی دێموکراتیکی خەڵکی ئێران بکات؛ بەڵام هاوکات جەخت لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە نابێ خەبات و ئامانجە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێنە بەشێک لە شەڕ و هاوکێشە سەربازییە دەرەکییەکان.

کاک خالید، بنیامین نەتانیاهو چەندین جار ڕاشکاوانە پشتیوانی لە کورد کردووە، دەمهەوێ بزانم بە لەبەرچاوگرتنی نزیکەی ١٩ ساڵ دەسەڵاتداریی ناوبراو، لە ڕوانگەی جەنابەتەوە ئەم پاڵپشتییانە چۆن بۆ کورد لێک دەدرێنەوە و چیی بۆ کورد دەستەبەر کردووە؟

پێش هەموو شتێک، دەبێت ئەوە بزانین کە دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چۆنیەتیی چارەسەریی کێشەکەی لە هەر پارچەیەکدا جیاوازە. ئیسرائیل لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، بە شێوازی جۆراوجۆر و بەپێی کێشە و پێگەی کورد لە هەر کام لەو پارچانەدا، هەڵوێست و ڕوانگەی خۆی دەربڕیوە.

ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، لووتکەی ئەم هەڵوێستانەی نەتانیاهو لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەیشتە قۆناغێک کە ئەوان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تووشی کێشەی گەورە بوونەوە و هێرشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی. لێرەدا پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەبات و تێکۆشانی خۆمان لە دژی کۆماری ئیسلامی، پێش پەیدابوونی ئەم ئاڵۆزییانەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەست پێ کردبوو.

بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا، کاتێک گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران هاتنە گۆڕێ، ئێمە سیاسەت و بۆچوونی خۆمان هەبووە؛ نە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و نە سنووری هاوبەشمان لەگەڵیدا هەیە. بۆیە، هەر وڵاتێک کە پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی دێموکراتیکی خەڵکی ئێران و مافەکانی گەلی کورد بکات بە شتێکی باشی دەزانین. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆزە و ئیسرائیلیش لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە کێشەی هەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆمان و پێویستیی هەڵوێستەکانمان، ڕەفتار بکەین بە شێوازێک کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆستایەتییەکانمان لە ناوچەکە و هاوکات لەسەر پرسی کوردی ڕۆژهەڵات هەبێت.

کاک خالید، بەپێی ئەو هەواڵانەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە ڕۆڵی کوردی ڕۆژهەڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا، ئایا دەکرێت بگوترێت پرسی کورد لە سەردەمی نەتانیاهودا چووەتە قۆناغێکی جیددیترەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا؟

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕاستیدا لەو ماوەیەدا کە گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەبوو، بەهۆی ئامادەبوونی میدیای جیهانییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی هەبوو و هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کرانەوە؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پرسی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر بێتە پێشەوە.

بەڵام گرفتەکە لێرەدایە کە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، لە چوارچێوەی ستراتیژ و بەرنامەی تایبەتی خۆیاندا بووە؛ واتە سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران و سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا کە لە بەرژەوەندیی ئەوان و ئیسرائیلدایە. کەواتە، خەبات و بەرنامەی ئێمە دژی کۆماری ئیسلامی سروشتی خۆی هەیە و ئێمە بەپێی تێگەیشتن و بەرژەوەندییەکانی خۆمان، پرسەکەمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینینەوە.

کاک خالید، سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە سروشتی ڕووبەڕووبوونەوەکان و کێشەکان بۆ ئێوە جیاواز بێت لەوەی بۆ ئیسرائیل هەیە، بەڵام وەک دەزانن خاڵێکی گرنگی هاوبەش لەنێوانتاندا هەیە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامییە لەلایەن ئیسرائیل و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتەوە کە چەندین ساڵە خەباتی سیاسی و سەربازی دەکەن. بۆچی ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشە نەبووە هۆی هەنگاوێکی کرداری دژی کۆماری ئیسلامی؟

زۆر ئاسان نییە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یان نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بچینە ناو ئەو هاوکێشە ناوچەییە ئاڵۆزانەوە کە هەموویان بەپێی بەرنامە و ستراتیژی تایبەتی خۆیان دادەڕێژرێن. بەرژەوەندیی ئێمە لەوەدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە دابینکەرانی مافی مرۆڤ، پشتیوانیی داخوازییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی ئێمە بکەن.

کێشەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران کێشەیەکی نیزامییە، شەڕێکە لە گۆڕێدایە و ئێستاش تەواو نەبووە و ئێمە لە سەرەتای دەستپێکردنیشییەوە ڕامانگەیاند کە ئێمە بەشێک لەو شەڕە نین کە ئێستا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدایە. بەڵام ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتوودا بێتە ئاراوە، ئێمە لێی بێئاگا نابین و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆمان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست دەگرین.

کاک خالید، ئێوە و بەرپرسانی دیکەی حیزبەکەتان زۆر جار جەخت لەوە دەکەنەوە کە خاوەنی سەربەخۆییی سیاسیی خۆتانن و بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون لەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی. ئایا ئەم سەربەخۆییە سیاسییە بەو مانایەیە کە هیچ هاوکارییەکی ستراتیژیتان لەگەڵ هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە؟

هاوکاریی ستراتیژی لەگەڵ هێزێکی دەرەکی کە لە شەڕدایە لەگەڵ ئێران، بۆ ئێمە موعادەلەیەکی زۆر ئاسان نەبوو. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو شەڕە، وەک ئاماژەم پێ دا، لەسەر بنەمای بەرنامە و ستراتیژیی خۆیان لە دژی ئێران دەستی پێ کردووە.

لە سەرەتای شەڕەکەدا، بەتایبەت کاتێک ئەمریکا هاتە نێو شەڕەکەوە و هاوکێشەکە گۆڕا، هەوڵی ئێمە ئەوە بوو کە لەو هاوکێشەیەدا دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی نێوخۆی وڵات، بزووتنەوەی مەدەنی و جووڵەی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببنە بەشێک لە هاوکێشەکە. بەڵام بەداخەوە لەو شەڕە نزیکەی یەک ساڵەیەدا، پرسەکانی نێوخۆی ئێران و داواکارییەکانی خەڵک زۆر بە کەمی لەو هاوکێشە و مامەڵە نێودەوڵەتییانەدا ڕەچاو کران.

ئێستاش هەم تاران و هەم واشنگتۆن لە بنبەستێکی تەواودان سەبارەت بە چۆنیەتیی درێژدان بەو شەڕە، یان گەیشتن بە ئاشتی و دانوستان؛ هەر لایەنێک بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەوڵ دەدات لەو شەڕەدا براوە بێت. خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە نێوخۆی وڵاتدا دژی کۆماری ئیسلامی، بە هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانمان و خەڵک لە مەیدانی خەباتدایە، نەک لەو هاوکێشە دەرەکییانەی کە ئەمریکا و ئێران بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دایدەڕێژن.