
ڕەزا دانشجوو
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمارکردنی مێژوویەکی دوورودرێژ لە بەرەنگاربوونەوەی دوو حکوومەتی خۆسەپێنی دەسەڵاتداری تاران، ئێستا خۆی لە هەلومەرجێکی تەواو نوێدا دەبینێتەوە؛ هەلومەرجێک کە بەگوێرەی ڕەوتی ڕووداوەکان و شێوازی هەڵسوکەوت و بڕیاردانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، دەتوانێت دەرفەتێکی مێژوویی و ناوازە بێت و بێگومان لە ئەگەری بەڕێوەبردنێکی نەشیاو، هەڵەکردن لە بڕیاردان، یان لەدەستدانی کاتی دروستی بڕیاردان، دەتوانێت ببێتە تەڵەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی کە دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی نەک هەر ڕۆژهەڵات، بەڵکوو تەنانەت بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بگرێتەوە.
«مەمالیکی مەحرووسە» و ئەو وڵاتەی کە ساڵانێک وەک شانشینی خێڵەکی و بە شێوەی سیستەمێکی لامەرکەزی بەڕێوە دەبرا و تێیدا میر و حاکمی هەر ناوچەیەک دەسەڵاتێکی بەرچاوی هەبوو، لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجارەوە و بە بڕیاری پاشا گەندەڵ و بێدەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمە، بەرەو سانترالیزم و ناوەندگەرایی پاڵ نرا. ئەم سیاسەتە هەڵە و ناڕاستە لە سەردەمی پەهلەویدا بە خێراییەکی زۆر زیاتر پەیڕەو کرا و بە زەبری زۆریش چەسپێندرا؛ بیرۆکەی «یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا»ی پەهلەوی، خاڵی وەرچەرخانی ناوەندگەرایی ئیداری و هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمییە نێوخۆییەکان بوو؛ سەرەتای هەوڵدان بۆ گۆڕینی پێکهاتەیی، ئاسمیلەکردنی گەلانی غەیرەفارس، سڕینەوەی ناسنامەیان و بەزۆر تواندنەوەیان لە پێکهاتە و شوناسی باڵادەستدا! ئەم گۆڕانکارییە لە ڕاستیدا بوو بە هۆی ئەوەی کە پرسی کورد و کوردستان وەک پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێرانی مۆدێرندا بێتە ئاراوە.
شەڕی دووەمی جیهانی، داگیرکردنی ئێران و ناسەقامگیرییەکانی دوای ئەم شەڕە، بوونە ڕێخۆشکەر بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان لە پێناو گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێران بۆ پێکهاتەیەکی لامەرکەزی. بەپێچەوانەی خەون و خەیاڵی دەسەڵاتدارانی سەردەمی پەهلەوی، سەرکوتکردنی خوێناوی و بێبەزەییانەی کۆماری کوردستان لە سێبەری زەبروزەنگدا هەرگیز نەیتوانی کۆتاییهێنەری داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ دادپەروەری و دێموکراسی بێت؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لەم کاتەوە پرسی کورد بوو بە پرسێکی سیاسیی بەردەوامی نێوان کۆمەڵگەی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی و کێشە و گرێیەکی سەرەکی و هەمیشەیی دەسەڵاتدارانی تاران.
سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و ڕووخانی سەڵتەنەتی پەهلەوی، کوردی وەک نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران هیوادار کرد کە لەژێر حوکمڕانی و دەسەڵاتی نوێدا دەتوانرێت چارەسەرێکی دێموکراتیک بۆ ئەم کێشە هەڵپەسێردراوەی کورد بدۆزرێتەوە؛ بەڵام ئەم هیواداربوونە زۆری نەخایاند و دیسان کەشی بێهیوایی و نائومێدی زاڵ بووەوە. دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران و ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی، هەر لە سەرەتاوە نیشانیان دا کە هیچ باوەڕێکیان بە مافی گەلان، پەیڕەوکردنی سیستمێکی دادپەروەرانەی لامەرکەزی و بەهادان بە جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێران نییە.
هەوڵ و تێکۆشان و دەستپێشخەریی سەرکردە سیاسییەکانی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێژیم بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی ئاشتییانە بۆ چارەسەری پرسی کورد، زۆر زوو گەیشتە بنبەست؛ خومەینی بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد دژ بە خەڵکی بێتاوان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ڕێگای هەر چارەسەرێکی ئاشتییانەی گرت و شەڕێکی زاڵمانە و نەخوازراو بەسەر کوردستاندا سەپێندرا. دەکرێت بگوترێت لە ڕاستیدا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە فەلسەفەی ناوەندگەرایی پەهلەویدا ڕووی نەدا؛ چەمکی «ئوممەت» جێگەی چەمکی «نەتەوە»ی گرتەوە، زمانی فارسی وەک ڕابردوو تەنیا زمانی فەرمی مایەوە و تەنیا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ڕواڵەتدا ڕوویان دا.
کۆماری ئیسلامیش بەردەوام بوو لە هەمان پراکتیک و شێوازی هەڵسوکەوتی ڕابردوو: سەرکوتکردنی بەردەوام و بێبەزەییانە، دەرکردنی حوکمی قورس و نادادپەروەرانە، توندوتیژیی پێکهاتەیی، بەردەوامیی پاشکەوتوویی ئابووری، جیاوازیدانان و هەڵاواردنی سیستماتیک. بەڵام هەروەک چۆن پەهلەوی نەیتوانی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد بنەبڕ بکات، دەیان ساڵ سەرکوتی پلاندارێژراوی کۆماری ئیسلامیش نەیتوانی ئەم داواکارییە ڕاست و ڕەوایە بێدەنگ بکات و کۆمەڵگەی کوردی وەک یەکێک لە ناوەندە ڕاوەستاو و خۆڕاگرەکانی بەرخۆدان و خەبات دژی زوڵمی دەسەڵاتدارانی تاران مایەوە.
بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە خەباتی مەدەنی و سیاسیدا دژ بە کۆماری ئیسلامی. خرۆشی شەقامەکانی کوردستان نەک هەر ئیرادەی ناڕەزایەتیی ئەم جوغرافیایەی ئاشکرا کرد، بەڵکوو ڕۆڵی کاتالیست، بزوێنەر و پریشکی سەرەتایی ئەم بزووتنەوەیەی گێڕا. کوردستان نیشانی دا کە خاوەنی چ توانایەکی بەهێزە لە پەرەپێدان و گواستنەوەی دینامیکی ناڕەزایەتییەکان بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران.
جگە لەوەش، بزووتنەوەی ژینا ڕۆڵێکی گرنگی دیکەی نواند لە ڕاکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کوردستان؛ بە جیهانیبوونی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» سەرنجی ڕای گشتیی جیهانی بۆ سەرچاوە و زێدی ئەم دروشمە ڕاکێشا. ئەم پێشهاتە، پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک بزوێنەرێکی بەتوانا و خاوەن هەڵوێست بۆ لێک گرێدانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە پێناو گەیشتن بە دێموکراسی لە ئێراندا جێگیر و پتەوتر کرد.
قۆناغی دواتری گۆڕانکارییەکان بە چڕبوونەوەی ئاڵۆزییە ژێئۆپۆلیتیکییە ناوچەییەکان دەستی پێکرد. ئاراستەی ڕووداوەکان و ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکانی دوایی دەریانخست کە دۆکتریـنی «نە شەڕ، نە دانوستان»ی کۆماری ئیسلامی، کاریگەریی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانە پەرەسەندووەکاندا لەدەست داوە. ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە نەک هەر حیساباتی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامییان خستە قەیرانەوە، بەڵکوو پرسی کوردیان هێنایە قۆناغێکی زۆر هەستیارتر؛ بە شێوەیەک کە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی سیاسیی هێزە کوردییەکان بوو بە یەکێک لە فاکتەرە سەرنجڕاکێشەکان لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی لایەنەکانی بەشدار لەم شەڕەدا. ئێستا دەکرێت بگوترێت پرسی کوردستان ڕەهەندی زیاتری بەدەستهێناوە و دەرەنجامەکانی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر فەزای سیاسیی تەواوی ئێران و تەنانەت دراوسێکانیشی هەبێت.
چاوخشاندنێکی کورت بەسەر هەڵوێستی وڵاتە زلهێزەکان و هێزە ناوچەییەکاندا، دەرخەری گرنگیی ئەم پێگە تازەیەی کوردستانە. ئاماژە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترامپ بە پێگەی هێزە کوردییەکان لە قەیرانەکانی ناوچەکەدا، جەختکردنەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر بۆشایی و کەلێنی شوناسی و زمانی لە ئێراندا و داواکاریی بەرپرسانی ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی لە لایەنە کوردییەکان بۆ هاوئاهەنگ نەبوون لەگەڵ لایەنە بیانییەکان، هەموویان لەسەر یەک ڕاستی دەدوێن: کە جووڵانەوەی کورد وەک سەنگ و قورساییەکی ژێئۆپۆلیتیکی لە هاوکێشە ئەمنییەتییەکان و گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا شوێن و پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
ڕاستی ئەوەیە کە هاوکێشە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاڵۆزترین و ناسەقامگیرترین دۆخی مێژوویی خۆیاندان؛ تەبایی و هاوبەشی، یان دژبەری و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرانی ئەم گۆڕەپانە، بە شێوەیەکی بەرچاو سنووربەندی و دابەشکارییەکانی ڕابردووی گۆڕیوە. جووڵەی هاوکاتی هێزە ناوچەییەکان وەک تورکیە، عەرەبستان و پاکستان، بە هاوبەشی لەگەڵ ستراتیژییە ئەمنییەتییەکانی واشنتۆن و تێلاڤیڤ، کەش و فەزایەکی فرەچین و ناهاوسەنگیان دروست کردووە؛ کاتێک کە ئانکارا تێدەکۆشێت بە چالاککردنی کارتە ناوچەییەکان و بەکارهێنانی کەرەستەی ئەمنییەتی، قووڵایی کاریگەرییەکانی فراوانتر بکات، لە کاتێکدا ئەکتەرەکانی دیکە بە وریایی و گومانی ستراتیژییەوە چاودێریی هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی هێزدا دەکەن و دژبەریی دەکەن!
لەم نێوەندەدا، کورد دەتوانێت بەپێی ڕادەی یەکگرتوویی، پێکەوەبوون، خۆناسین و پێگەیشتن لە دیپلۆماسیدا، لە پێگەی ئامرازێکی کاتییەوە ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر و شوێندانەر. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمارکردنی مێژوویەکی درێژخایەن لە خەبات و بەرخۆدان و پۆتانسیەلێکی ناوازە لە ڕێکخستنی حیزبی و مەدەنیدا، وەک یەکێک لە ناوەندە دیار و بەرچاوەکانی سیناریۆکانی دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەڕ و قەیرانە سەیر دەکرێت؛ بەڵام ئاشکرایە تەنیا بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، نەک تەنیا بە مانای کرانەوەی خۆکاری دەرگاکان بە ڕووی داخوازییەکانی کورددا نییە، بەڵکوو تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆکاری مەترسیی ئەمنییەتیی زیاتر و تەڵەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی بە تێچوویەکی یەکجار زۆر.
«شیکاریی عەقڵانی و واقعبینانە» و «لێکگەیشتنی پراکتیکی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا»، مەرجگەلێکی گرنگ و چارەنووسسازن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە مەترسیدارە؛ لە کاتێکدا بڕیاری بەپەلە، پشتبەستن بە گۆڕانکارییە کورتخایەن و کاتییەکانی لایەنە دەرەکییەکان و بەتایبەتی دابەشبوونی ڕێکخراوەیی و دوورکەوتنەوە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی، دەتوانن ببنە تێکدەر و هۆکاری لاوازبوونی دەستکەوتە مێژووییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
هەرچەند چاودێریکردنی بەئاگا و ژیرانەی ڕووداوەکان مەرجێکی پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە هەستیارە؛ بەڵام مەرجی بنەڕەتی و تەواوکەر، هەبوون و پەیڕەوکردنی ستراتیژییەکە لەسەر بنەمای واقیعی ڕووداوەکان و بارودۆخی ئێستادا لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا و بێگومان بە پشتبەستن بە توانا نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان! چ خوێندنەوەیەکی زێدەڕۆیانە لە توانای کاریگەری و شوێندانان و چ بەکەم سەیرکردنی توانای ستراتیژیی کوردستان لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا، هەڵەیەکی گەورەیە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیتر پرسێکی لاوەکی لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا نییە؛ بەڵکوو فاکتەرێکی شوێندانەرە لەسەر پرۆسەی گوزار و گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا و هەڵبەت هەم کاریگەریی لەسەر هاوکێشە ناوچەییەکان هەیە و هەم کاریگەریشیان لێ وەردەگرێت.