کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەش: ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی شاندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران

10:06 - 12 رەزبەر 2726

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ (۲۹ی سێپتامبری ۲۰۲۶)، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان دوو شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران بەڕێوە چوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە بارودۆخێکی هەستیاری سیاسیی ئێران و ناوچەکەدا و بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێستا، پرسی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک، ڕەوشی بزووتنەوەی دێموکراتیکی ئێران و ئاسۆی هاوکاریی نێوان دوو حیزبەکە بەڕێوە چوو.

گفتوگۆکان لە کەشوهەوایەکی هاوڕێیانە، گەرموگوڕ و بنیاتنەرانەدا بەڕێوە چوون و دەریانخست کە لەگەڵ بوونی هەندێک جیاوازی لە هەندێک بوار و تێڕوانیندا، لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا بەستێنی هاوبەش و توانایەکی زۆر بۆ لێکنزیکبوونەوە، هاوکاری و ڕۆڵگێڕانی هاوبەش هەیە.

هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگیی دێموکراسی، ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی، نەهێشتنی جۆرەکانی جیاکاری لە وڵات و لەوانەش وەدیهێنانی مافی نەتەوە و گەلانی ئێران کردەوە و لەسەر ئەو بڕوا هاوبەشە بوون کە داهاتووی ئێران دەبێت لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک و بەهرەمەندبوون لە سیستەمێکی دێموکراتیک و یەکسان بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی ئێران پێکبهێندرێت. هەر دوو حیزب جەختیان لەسەر پێویستیی چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێران و دابینکردن و دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی دێموکراتیک و بەردەوام بۆ پرسی نەتەوەیی لە کوردستان و هەر ناوچەیەکی تری وڵات کردەوە.

هەروەها لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر ڕۆڵی دیاریکەری هێزی خەڵک و خەبات و بزووتنەوەکانی ناوخۆی وڵات کرایەوە. دوو حیزب بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر سەربەخۆیی کردەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و پێویستیی پشتبەستن بە خەڵکی ئێران لە پێشخستنی خەبات بۆ گۆڕانکاریی دێموکراتیک کردەوە.

ئەم دیدارە کە ڕێک ڕۆژێک دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی عێراق و هەروەها لەسێدارەدانە ڕۆژانەکان لە وڵاتدا بەڕێوە چوو، جارێکی تر گرنگیی هاوپشتی لە خەباتی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە جاران بەرجەستە کردەوە. هەر دوو حیزب لەسەر ئەو بڕوایەن کە تەنها بە یەکیەتییەکی بەربڵاوی هێزە دێموکراتەکان دەکرێت کۆتایی بە تەمەنی ئەم دەسەڵاتە تاوانبارە بهێندرێت.

یەکێک لە تەوەرە هاوبەشە سەرەکییەکان، نیگەرانی لە بەردەوامیی پەرتەوازەیی لە ئۆپۆزسیۆن و دژواریی دروستبوونی هاوکاریی کاریگەر لە نێوان هێزەکانیدا بوو. لە تێڕوانینی هەر دوو لایەنەوە، بارودۆخی ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە گفتوگۆ، متمانەسازی و دۆزینەوەی بەستێنی ڕێپێدراو لە نێوان ئەو هێزانەدایە کە سەرەڕای جیاوازیی فیکری و سیاسی، لە خەبات بۆ دێموکراسی و کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی، هاوبەشیی بنەڕەتییان هەیە.

لەم ڕاستایەدا جەخت کرایەوە کە حیزبی چەپی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەندامەکانیان پەیوەندییەکی دۆستانەی مێژووییان هەیە، دەتوانن لە هاوڕێیەتی و هاوکاریی هێزە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی دێموکرات و لە نێوان هێزەکانی ناوچە نەتەوەییەکان و سەرتاسەریدا، ڕۆڵێکی شیاو بگێڕن.

لە بڕیاری ئەم کۆبوونەوەیەدا، سەرەڕای هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئێستای وڵات، لەوانە سەبارەت بە شەڕ، گوشاری بژێوی لەسەر خەڵک، توندتربوونەوەی سەرکوت، سیاسەت و ستراتیژیی هاوپەیمانی، و شێوازی هاوکاریی هێزە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی دێموکرات، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا و جەخت لەسەر دەستپێشخەریی دوولایەنە بۆ بیرکردنەوە و ڕاوێژ سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم و بۆ ڕەواندنەوەی لێڵییەکان کرایەوە. لە زۆربەی ئەم بوارانەدا هاوڕایی و لە هەندێک حاڵەتیشدا تێگەیشتنی جیاواز لە ڕووداوەکان هەبوو، کە بڕیار درا لە دانیشتنەکانی داهاتوودا زیاتر گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. بڕیار درا لە مانگی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تر بەڕێوە بچێت و لە ڕێگەی باس و بابەتی دیاریکراوترەوە، بەستێنە کردەییەکانی هاوکاری تاوتوێ بکرێن.

ئامانجی کۆبوونەوەی داهاتوو ئەوەیە کە ئەم گفتوگۆیانە ببنە هۆی پڕۆژە و هەنگاوی هاوبەش کە یارمەتیدەر بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خەباتی ئۆپۆزسیۆنی دێموکرات و بخرێنە خزمەت بەهێزکردنی متمانەی نێوان هێزە جیاوازەکان.

جەخت کرایەوە کە لە بارودۆخێکدا کە پەرتەوازەیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم بزووتنەوەی دێموکراتیکی ئێرانە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران و هەوڵی هاوبەشیان بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا، دەتوانێت بۆ پرۆسەی متمانەسازی و هاوڕایی لە ئاستی بزووتنەوەکەدا یارمەتیدەر بێت.

شاندەکانی نوێنەرایەتیی

حیزبی چەپی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۱۰ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ / ۲ی ئۆکتۆبری ۲۰۲۶