ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بۆ مانگی سێپتامبری ۲۰۲۶ ئاشکرایان کردووە کە لانیکەم ۱۴۳ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردنانە بەشێوەیەکی بەرفراوان کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی گرتووەتەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی کورد بە ٧٠ حاڵەت (نزیکەی ٤٩٪ی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوان) لە سەرووی ئامارەکەوەن.
لەسەر ئاستی جۆغرافیاییش، پارێزگای ورمێ بە ۳۶ حاڵەت (کە سەرجەمیان کوردن)، خووزستان بە ۳۰ حاڵەت و سنە بە ۲۸ حاڵەت، زۆرترین ڕێژەی گرتنیان تێدا تۆمار کراوە و لە ئیلامیش یەک حاڵەت تۆمار کراوە.
شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان سەرجەم پێكهاته نەتەوەییەکانی گرتووەتەوە؛ جگە لە ۷۰ هاووڵاتیی کورد، ۳۰ هاووڵاتیی عەرەب، ۲۱ فارس، ۵ گیلەک و مازەنی، ۳ بەلووچ، ۳ لوڕ، ۲ تورک و ۲ قەشقایی دەسبەسەر کراون.
هەروەها گوشارە ئەمنییەتییەکان ڕوویان لە کەمینە ئایینییەکانیش کردووە و دەسبەسەرکرانی ۲٨ چالاکی مەزهەبی (۲۲ زانای ئایینی و چالاکی سوننە و ٦ پەیڕەوی بەهایی) تۆمار کراوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و توێژە جیاوازەکانەوە، ئەم گوشارە ئەمنییەتییە ۹ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ (۷ منداڵی کورد و ۲ منداڵی عەرەب) و ۱۷ چالاکی ژنی (۷ ژنی کورد و ۲ ژنی بەهایی) گرتووەتەوە.
هاوکات دەسبەسەرکرانی ۱۰ مامۆستای قوتابخانە و خوێندکاری زانکۆ، ۴ چالاکی میدیایی و ڕۆژنامەنوس و ٦ نووسەر و هونەرمەند (لەوانە ۳ گۆرانیبێژ و ئەکتەرێک) لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا جەخت لەسەر بەردەوامیی گوشارەکان لەسەر توێژە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەکان دەکاتەوە.
ئەم ئامارە گشتییە لە کاتێکدا جێگەی سەرنجە کە زیاترین گوشاری ئەمنییەتی و ڕێژەی دەسبەسەرکردنەکان ڕاستەوخۆ لەسەر پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕ بووەتەوە؛ بە جۆرێک کە لە نێو سەرجەم توێژە جیاوازەکانی وەک منداڵان، ژنان، ڕۆژنامەنوسان و چالاکواناندا، هاووڵاتییانی کورد بەشێکی سەرەکی و دیاری ئامارەکانی ئەو مانگەی ئێران پێک دەهێنن.