کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بۆ خوێندکارانی تازەوەرگیراو لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

18:43 - 12 رەزبەر 2726

سڵاوی سەرکەوتن و تێکۆشان!


ئەمڕۆ کە دەرگای زانکۆکانتان لەبەردەم‌دا کراوەتەوە و هەنگاو دەنێنە قۆناغێکی نوێی ژیانتانەوە، پێش لە هەر شتێک گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوای بڕینی قۆناغی گەورەترتان بۆ دەخوازین. وەرگرتنی ئێوە لە زانکۆکان‌دا، لە دوای هەوڵ و ماندووبوونی خۆتان و بنەماڵە بەڕێزەکانتان، دەستکەوتێکی جێگەی شانازییە بۆ هەموومان.

خوێندکارانی ئازیز!
بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەکەمان جیاوازە و لەژێر دەسەڵاتێک‌دا کە هەموو ڕێگایەک بۆ توانەوە و ئاسیمیلەکردنی زمان، مێژوو و کولتوورەکەمان دەگڕێتە بەر، خوێندکار بەتەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامە ناچێتە زانکۆ و ئەرکە نیشتمانییەکانتان لەم قۆناغەدا قورسترن:

- لە پۆل و ناوەندە ئەکادیمییەکان‌دا، تکایە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی زمان و کولتووری کوردی بن و بە شانازییەوە شوناس و میراتە نەتەوەیییەکانمان بپارێزن.

- لە پێوەندیتان لەگەڵ خوێندکارانی نەتەوەکانی تردا، ئێوە نوێنەر و دیپلۆماتکاری دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکن؛ بە زانست، لۆژیک و پێنووسەکانتان بەرگری لە مافەکانمان بکەن.

- لە ڕێگەی تێکۆشانی مەدەنی، دروستکردنی دیالۆگ و ڕێکخستنی خوێندکارییەوە، دەبێ دەنگی مافخوراوی کوردستان لە زانکۆکان‌دا بن و ئەو دەنگە بە هەموو شوێنێک بگەیەنن.


یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وەک لانکەی دێرینی خەباتی ئەکادیمی، دەستتان دەگرێت و داواتان لێ دەکات کە شانبەشانی خوێندن، لە سەنگەری خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی و خوێندکارییش‌دا ڕیزەکانی ئێمە پربکەنەوە؛ هەتا پێکەوە قەڵایەک لە بەرخۆدان بەرامبەر هەر هەوڵێکی نەیارانە و دزێو چێ بکەین.

لەبیرمان بێت کەوا گۆڕەپانی زانست، سەنگەری تێکۆشانە.
سەرکەوتنتان هیوای ئێمەیە و هەنگاوەکانتان پڕ لە سەربەرزی بن!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی