لە درێژەی سەپاندنی سزای دژەمرۆیی سێدارە بەسەر ناڕەزاییانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، ئەمیر دڵشاد و مەتین شەبانی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەشهەد، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی"هێرانا"، لقی پێنجەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد بە سەرۆکایەتیی حوسێن یەزدانخاه، ئەمیر دڵشاد بە تۆمەتی "کردەوەی مەیدانیی تێکدەرانە دژی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بە سوودی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان" لە ڕێگەی بەشداریی چالاکانە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و هەروەها «سووتاندن و تێکشکاندنی مڵک و ماڵی گشتی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
دڵشاد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرا و ئێستا لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد ڕاگیراوە.
هەروەها مەتین شەبانی، لە دەسبەسەرکراوانی تری ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە شاندیز، بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
هێرانا بڵاوی کردەوە کە دادگای ئینقلابی ڕێژیم، بە سەرۆکایەتیی حوسێن یەزدانخاە، ئەم خۆپیشاندەرەی بە تۆمەتی «موحاربە لە ڕێگەی بەشداریکردن لە تێکشکاندنی موڵک و ماڵی گشتی و ئاگرتێبەردانی ناوەندە ئایینییەکان» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ڕێژیم» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.