کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای دەستێوەردانی سپا و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئازادیی ژنان

10:16 - 10 خەزەڵوەر 2726

لە کاتێکدا چوار ساڵ بەسەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تێپەڕ دەبێت و ئیرادەی ڕاستەقینەی ژنانی ئێران بۆ ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، عەلی ساڵحی، دادستانی ڕێژیم لە تاران، بە ئاشکرا دانی بە شکستی ئیدیۆلۆژی و فەرهەنگیی ڕێژیمدا ناوە و داوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سپای تێرۆریستی پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەتییەکان کرد تا بزووتنەوە مەدەنییەکان سەرکوت بکەن.

ساڵحی لە کۆبوونەوەی بەناو "کۆڕبەندنی عیفاف و حیجاب"دا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتخانەکان و ئەندامانی ڕێژیم و بە بەکارهێنانی پاساوی بێبنەمای وەک "تۆڕی ڕێکخراوی فەساد" و "پیلانی دوژمنان"، هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەریی لە بەرپرسانی ئیداری، کەرتی گەشتوگوزار، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد.

ساڵحی وتی کە دەزگا ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسداران دەبێت بۆ ناساندن، هەڵوەشاندنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندی ئەو گرووپانە دەستبەکار بن کە بە ئیدیعای ئەو، دەستیان لە بڵاوکردنەوەی "فەساد و بێبەندوباری"دا هەیە.

ناوبراو هەروەها هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بەرپرسانی ئیداری لە سەپاندنی ئەم بڕیارە زۆرەملێیەدا کەمتەرخەم بن، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی دادوەری دەبنەوە.

ئەم هێرشە هەمەلایەنەی دەزگای بەناو دادی ڕێژیم بۆ سەر ژیان و ئازادییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان و کچان، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی جگە لە پەنابردن بۆ هێزی ئەمنی و سەربازیی سپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج، هیچ ئامرازێکی تری بۆ ڕاگرتنی ڕووخانی بەها سەپێنراوەکانی نەماوەتەوە.