وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە:
ئاماژە: بە بۆنەی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی نوێی لێکۆڵەر د. کامران ئەمین ئاوە لەژێر ناونیشانی «ڕۆژنامەی کوردستان چاپی باکۆ (١٩٤٧ - ١٩٦١)»، کە هاوکاتە لەگەڵ ٨٠ ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی «کوردستان» (ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، ئەم وتووێژە لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام دراوە. لەم گفتوگۆیەدا تیشک دەخرێتە سەر مێژووی ١٤ ساڵ تێکۆشانی ڕۆژنامەوانی و سیاسیی ئەو قۆناغە کەمتر ناسراوەی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگە، ڕەهەندە فیکری و تەشکیلاتییەکانی ڕۆژنامەکە لە باکۆ و، کاریگەری و پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
لە بوارێکی ئاکادێمی و تێئۆریکدا، نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان (وەکو د. عەلی گەلاوێژ، د. ڕەحیم قازی و د. کەریم ئەیووبی) چۆن هەوڵیان داوە مارکسیزم - لێنینیزم لەگەڵ واقعییەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بگونجێنن و، شرۆڤەی ئەوان بۆ «پرسی نەتەوەیی» و جیاوازیی خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی لە کوردستاندا چی بوو؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەتوانین پشت بە یەکێک لە نووسراوەکانی عەلی گەلاوێژ ببەستین، کە بە ناونیشانی «ڕێزە مەبەستێک لەمەڕ بەرەبەرەکانی ڕزگاریی نەتەوەیی خەڵکی کورد لە کوردستانی داگیرکراوی ئێراندا» لە ژمارەکانی ١٠٩٠ تا ١٠٩٧ی ڕۆژنامەدا لە ساڵی ١٣٣٧/١٩٥٨ بڵاو کراوەتەوە. ئەم نووسراوەیە، لە ڕووی نێوەڕۆک و ئاراستەی فکرییەوە، چەند بنەمای سەرەکیی بیرکردنەوەی سیاسیی گەلاوێژ لەبارەی پرسی کورد و ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕوون دەکاتەوە:
یەکەم: گەلاوێژ جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران و دێموکراتیک بوونی حکوومەت، بە تەنیا ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات؛ چونکە بنەمای سەرەکیی ئەم پرسە، مافی گەلی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و گەیشتن بە دەسەڵاتی نەتەوەیی. بۆیە، چارەسەری پرسی کورد پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی بنەڕەتی بە داواکارییە نەتەوەییەکانی ئەم گەلە هەیە، نەک تەنیا گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ناوەندی.
دووەم: لە ڕوانگەی گەلاوێژەوە، خەباتی گەلی کورد لە بنەڕەتدا خەباتێکی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەیە، نەک تەنیا خەباتێکی چینایەتی. لەبەر ئەوە، بەشداریی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیی کوردستان لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. ئەم تێگەیشتنە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەیە کە خەباتی سیاسی تەنیا بە چینە زەحمەتکێشەکانەوە سنووردار بکات یان بەهۆی جیاوازیی چینایەتی، بەشێک لە کۆمەڵگەیی کوردستان لە خەباتی نەتەوەییدا بەشداریی پێ نەکرێت. لەبەر ئەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێت هەڵوێست و سیاسەتێک بگرێتەبەر کە یەکگرتوویی نەتەوەیی بپارێزێت و ڕێگا بۆ بەشداریی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بخاتەڕوو.
سێیەم: یەکێک لە بنەما گرنگەکانی بیرکردنەوەی سیاسیی گەلاوێژ، پێویستیی بوونی ڕێبەرایەتییەکی نەتەوەیی و سەربەخۆ بۆ خەباتی گەلی کوردە. بە بۆچوونی ئەو، گەلی کورد دەبێت لە ژێر ڕێبەریی حیزبی سیاسیی نەتەوەیی خۆیدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەبات بکات، نەک ڕێبەرایەتیی ئەو خەباتە بسپێرێت بە حیزبێکی سەرانسەریی ئێرانی و ڕێبەرایەتییەکی سیاسیی فارسمێحوەر. ئەمەش بە مانای ڕەتکردنەوەی هاوکاریی سیاسی و فیکری لەگەڵ حیزبەکانی تر نییە؛ بەڵکوو مەرجی ئەو هاوکارییە، پاراستنی سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی و سیاسیی حیزبی کوردییە. بەم پێیە، حیزبی دێموکراتی کوردستان، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی فیکرییەوە خۆی بە مارکسیزم ـ لێنینیسمیش پابەند بزانێت و لەگەڵ حیزبەکانی تری هاوبیر هاوکاری بکات، دەبێت سەربەخۆییی خۆی بپارێزێت و ڕێبەرایەتیی خەباتی نەتەوەییی کورد لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە.
چوارەم: گەلاوێژ خەباتی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستاندا بە پڕۆسەیەکی پەیوەست و بەیەکەوە گرێدراو دەبینێت. لەو تێڕوانینەدا، ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە هەر بەشێکی کوردستان دەتوانن کاریگەری لەسەر بەشەکانی تریش دابنێن. بۆیە، تێگەیشتن لە پرسی کورد پێویستی بە تێڕوانینێکی فراوانتر هەیە کە سنوورە سیاسییەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان بە سنووری تەواو جیاکەرەوە لە نێوان چارەنووسی ئەم گەلەدا نەبینێت.
پێنجەم: لە کۆی ئەم بنەمایانەوە، ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕێبەرایەتیی سیاسیی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد دیاری دەکرێت. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، ئەرکی حیزب تەنیا ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی چاڵاکییە سیاسییەکان نییە؛ بەڵکو بریتییە لە نوێنەرایەتیی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان، یەکخستنی هێز و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی کورد. بەم شێوەیە، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ئامرازی سیاسیی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی دەردەکەوێت.
بەگشتی، ئەم نووسراوەیەی گەلاوێژ ڕوانگەیەکی سیاسی پیشان دەدات کە تێیدا وێرای پابەندیی بە بیری مارکسیستی، ڕزگاریی نەتەوەیی لە پێشەوەی خەباتی چینایەتیدایە، بەشداریی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە پێویستە، سەربەخۆیی حیزبی و ڕێبەرایەتیی نەتەوەیی دەبێت بپارێزرێت و خەباتی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستاندا بە پەیوەست و هاوکاریی نێوانیانەوە هەڵبسەنگیندرێت. ئەم بنەمایانە لەگەڵ یەکتری، چوارچێوەیەکی فیکری و سیاسی پێک دەهێنن بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچوونی گەلاوێژ لەبارەی ئەرک و شوێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەدەمەدا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی چۆن بووە.
ڕەهەندێکی تری گرنگی ئەم ڕۆژنامەیە، گرنگیدان بە ئەدەب، زمان و ناساندنی کەسایەتییە مەزنەکانی وەک مامۆستا هەژار، هێمن و نالی بوو. ئایا پێوهندیی نێوان نووسەرانی باکۆ و هۆنراوە و نووسراوەکانی نێوخۆی کوردستان لەو فەزا توند و ئەمنییەی سەردەمی شای ئێراندا چۆن ڕێک دەخرا و نامە و بەرهەمەکان بە چ ڕێگەیەک دەگەیشتنە دەست دەستەی نووسەران؟
بەپێی ئەو بابەتانەی لە ڕۆژنامەی «کوردستان»دا بڵاو بوونەتەوە، دەردەکەوێت کە دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە، نەک تەنیا ئاگاداریی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بەڵکوو چاودێریی گۆڕانکارییەکان و چالاکییە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستانیشیان کردووە. ئەم ئاگادارییە، تا ڕادەیەکی بەرچاو، لە ڕێگەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشووری کوردستان وەک ئەحمەد تۆفیق و بەشەکانی تری کوردستانەوە بەدەست هاتووە؛ بەتایبەتی ئەو کوردانەی لە باشووری کوردستانەوە بۆ خوێندن یان هاتووچۆ ڕوویان لە یەکیەتیی سۆڤیەت دەکرد. ئەم پێوەندییانە دەرفەتیان بۆ نووسەرانی ڕۆژنامە ڕەخساندبوو کە لە نزیکەوە ئاگاداریی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و چالاکییە فەرهەنگییەکانی باشووری کوردستان بن و بەشێک لەو بابەتانە لە ڕۆژنامەکەدا ڕەنگ بدەنەوە.
لە هەمان کاتدا، پێوەندیی نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان» لەگەڵ کوردانی نیشتەجێی سۆڤیەت و ئەو کەسانەی لەو وڵاتەدا دەرسیان دەخوێند، ڕۆڵێکی گرنگی لە فراوانکردنی ئاسۆی بابەتەکانی ڕۆژنامەکەدا هەبوو. بۆ نموونە، هەندێک لە بابەتەکانی د. ڕەحیم قازی، د. عەلی گەلاوێژ و د. عەبدولڕەحمان قاسملوو کە لە پراگ دەژیا، لە گۆڤاری **«ئازادی»**ی سەر بە حیزبی شیوعی عێراق لە کوردستان بڵاو دەبوونەوە، یان بابەتەکانی گۆڤارەکانی باشووری کوردستان لە ڕۆژنامەی کوردستان دەخرانە بەر باس و بڵاو دەکرانەوە. ئەم جۆرە پێوەندییانە، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٩٥٠دا، بەرچاوتر دەبن و نیشانەی فراوانبوونی پێوەندییە فکری و ڕۆژنامەوانییەکان لە نێوان کوردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژیان، بوون.
بەگشتی، پێوەندیی نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان» لەگەڵ کوردانی بەشەکانی تری کوردستان و کوردانی نیشتەجێی یەکیەتیی سۆڤیەت، یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە کاریگەریی لەسەر جۆری بابەتەکان، سەرچاوەی زانیارییەکان و ئاراستەی فەرهەنگی و سیاسیی ڕۆژنامەکە داناوە. ئەم پێوەندییانە ڕۆژنامەکەیان لە چوارچێوەیەکی تەنیا نێوخۆیی دەرهێناوە و وایان کردووە کە گۆڕانکارییەکان و چالاکییەکانی کورد لە شوێنە جیاوازەکاندا، لە بابەتەکانی ڕۆژنامەکەدا ڕەنگدانەوەیان هەبێت.
کۆتاییهاتنی ژیانی ١٤ ساڵەی ڕۆژنامەی کوردستان لە بەهاری ١٩٦١- دا چۆن ڕوویدا؟ ئایا ڕاگرتنی چاپی ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەی ئازەربایجان، تەنیا بڕیارێکی تەکنیکی بوو یان دەرئەنجامی تێکەڵکردن و یەکگرتنی حیزبی تودەی ئێران و فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان و سەرکوتکردنی دەنگی سەربەخۆی کورد بوو لەلایەن ناوەندە گەورەکانەوە؟
هەرچەند لە سەرەتای دەستپێکی وتووێژەکان بۆ پێکهێنانی تاقە حیزبی کرێکاری لە ئێران لە ئەیلوولی (نۆڤەمبەری) ساڵی ١٩٥٤دا، ڕێبەریی حیزبی توودەی ئێران و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، تەنانەت لەسەر پێشنیار و ڕێنوێنیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، لەسەر بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەوتی پێکهێنانی تاقە حیزبی کرێکاری مارکسیستیی ئێراندا کۆک بوون، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم یەکگرتنە بێ بەشداریپێدانی نوێنەرانی کورد سەری گرت. دوای یەکگرتنی حیزبی توودەی ئێران و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاویدا بە دەستووری ڕێبەریی حیزبی توودەی ئێران، بڵاوکردنەوەی لاپەڕە کوردییەکەی «کوردستان» وەستێنرا و دوا ژمارەی کوردستان (١٣٣٧) وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژمارەی ١٣٣٨ـی (١٧٣٩) ڕۆژنامەی «آذربایجان» (ڕێکخراوی ئازەربایجانیی حیزبی توودەی ئێران) ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ١٣٤٠دا (٢٦ی نیسانی ١٩٦١) بڵاو بووەوە.
حیزبی تودەی ئێران هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ چەشنی هاوکاریی کورد و ئازەرییەکان نەبوو و پێی وابوو ئەم کارە بووەتە هۆی تواندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجاندا و سەرهەڵدانی دۆخێکی سەیروسەمەر و نائاسایی، کە بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستان دەخاتە ژێر ڕێبەریی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجانەوە و ئەوەش لەگەڵ بنەماکانی مارکسیزم - لێنینیزمدا هیچ تەباییەکی نییە. هەرچەند ڕێبەرایەتیی حیزبی توودەی ئێران بڵاوبوونەوەی ئەو لاپەڕەیەی «کوردستان»ی لە چوارچێوەی ڕۆژنامەی «آذربایجان»دا وەستاند، بەڵام یارمەتیی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی «کوردستان» بە سەرنووسەریی دوکتور قاسملوو لە پراگی پایتەختی چێکسلۆڤاکیا دا، کە لە نێوان ڕێبەندان (کانونی دووەم)ی ١٩٦٥ تا خاکەلێوە (نیسان)ی ١٩٧٠، بیستوشەش ژمارەی «کوردستان» چاپ و بڵاو کرایەوە.
چارەنووسی ئەندامانی دەستەی نووسەران و خوێندکارانی کورد کە لەو سەردەمەدا بۆ خوێندن نێردرابوونە سۆڤیەتی یان ئەوانەی نیشتەجێ ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بوون چۆن بوو؟ ئایا گەڕانەوەی ئەوان بۆ نێوخۆی ئێران یان عێراق لە داهاتوودا، هیچ گۆڕانکارییەکی لە دیدگای سیاسی و ئاکادێمییەکانیاندا دروست کرد؟
دوای یەکگرتنی حیزبی توودەی ئێران و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، چالاکیی سیاسی و تشکیلاتیی کوردەکانی دانیشتووی یەکیەتیی سۆڤیەت و چێکسلۆڤاکیا تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠ی زایینی گرێدراوی حیزبی توودەی ئێران بوو؛ بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، بەتایبەتی دوای کۆنگرەی سێیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەزبەری ١٣٥٢ / سێپتەمبری ١٩٧٣ و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی د. قاسملوو، پەیتاپەیتا ڕەوتی جیاوازیی سیاسی و تشکیلاتی لە نێوان ئەم کەسایەتییانە و حیزبی توودەی ئێراندا پەرەی سەند. سەرەڕای ئەوەش، هەموویان لە ژێر کاریگەریی بیری چەپی مارکسیستیدا بوون و بەپێی لێکدانەوەی سیاسیی ئەو سەردەمە، باوەڕیان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە چەشنی خودموختاریی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا هەبوو.
لە ڕووی تشکیلاتییەوە، چارەنووسی ئەو کەسایەتییانەش جێگای سەرنجە. لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان» لە باکۆ، ڕەحیم سەیفی قازی لە کۆنگرەی دووەم و چوارەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سوڵتان وەتەمیشی لە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حیزبە وەک ئەندامی ڕێبەرایەتی هەڵبژێردران. عەلی گەلاوێژ و حەسەنی قزڵجی بوون بە ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبی توودەی ئێران. ڕەحمان گەرمیانی، مستەفا شەڵماشی، قادر مەحمودزادە و حەسەن حیسامی، بە پێی زانیارییە بەردەستەکان، لە قۆناغەکانی دواتردا چالاکیی سیاسی و تشکیلاتییەکی بەردەوامیان نەبووە یان بە شێوەیەکی جیاواز لە ڕەوتە حیزبییەکان دوور کەوتوونەتەوە.
دوای شۆڕشی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، بارودۆخی سیاسیی ئێران و هەڵوێستەکانی حیزبی توودەی ئێران لە بەرامەر کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی کوردستاندا، بوو بە هۆی کۆمەڵێک ناکۆکیی جیددی و دابڕانێکی قووڵ لە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی توودەی ئێران، بەتایبەتی پاش ئینشعابی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار.
لە باسکردنی ڕۆڵی عەلی گەلاوێژ لە ڕەوتی ئینشعابی پێڕەوانی کۆنگرەی چواردا، پێویستە لە نێوان هەڵسەنگاندنی سیاسی و بەڵگەی مێژوویی جیاوازی بکرێت. هەرچەندە لە هەندێک لێکدانەوەدا گەلاوێژ بە بەشداری لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی ڕەوتی جیابوونەوە تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەپێی ئەو شایەتییانەی لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی ئیالەتیی حیزبی توودەی ئێران لە کوردستانەوە گێڕدراونەتەوە، لە کاتی سەرهەڵدانی ئینشعابی پێڕەوانی کۆنگرەی چواردا، گەلاوێژ لە دەرەوەی وڵات و لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بووە. بیرەوەریی کەسانێک وەک ئیرەجی ئەسکەندەری و زانیارییە گێڕدراوەکانی بنەماڵەی گەلاوێژ، ئەم مەسەلەیە پشتڕاست دەکەنەوە.
لە هەمان کاتدا، گەلاوێژ دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، سەرەڕای ئەوەی گوایە ناڕەزایەتیی خۆی لە ئینشعابەکە دەربڕیوە، بەڵام بەپێی ویستی ڕێبەرایەتیی حیزبی توودەی ئێران، لە پێوەندییەکی نزیکدا لەگەڵ ڕێبەرانی ڕەوتی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار کار و چالاکیی کردووە.
چارەنووسی کۆتاییی ئەم کەسایەتییانە، هەر یەکەیان بە شێوەیەک، ڕەنگدانەوەی ئەو قۆناغە ئاڵۆزەیە کە بزووتنەوەی چەپی ئێران و بزووتنەوەی سیاسیی کورد تێیدا دەژیان. د. عەلی گەلاوێژ و مامۆستا حەسەنی قزڵجی لە زیندانی ئێڤینی تاراندا بە دەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست دا. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەندا لە ساڵی ١٩٨٩دا لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کرا. د. ڕەحیم قازی، دوای گەڕانەوەی بۆ یەکیەتیی سۆڤیەت، کۆچی دوایی کرد. کاک کەریمی حیسامی، دوای چەند دەیە چالاکیی سیاسی، لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەرکرا و لە سوید بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. هەروەها، د. سوڵتان وەتەمیشی لە یوگسلاڤیا، د. حەسەن حیسامی لە ئەڵمانیا، د. ڕەحمان گەرمیانی و د. مستەفا شەڵماشی لە ڕووسیە، د. قادر مەحمودزادە لە ئێران، موراد ڕەزمئاوەر لە ئیسپانیا و عەبدوڵڵا ڕەزمئاوەر لە کۆماری ئازەربایجان کۆچی دواییان کرد. عەزیز شەمزینیش بە شێوەیەکی گوماناوی لە حەساری ماڵەکەی لە ورمێدا تێرۆر کرا.
وەک پرسیاری کۆتایی و بۆ هەڵسەنگاندنی ئاکادێمیی ئەم توێژینەوەیە؛ بە رای ئێوە، نووسینەوە و لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئەم ڕۆژنامەیە لەم سەردەمەدا، چ پەیام و گرنگییەکی بۆ نەوەی نوێی توێژەران و مێژوونووسانی کورد هەیە لە پێناو ناسینەوەی قۆناغێکی ونبوو و فەرهەنگیی خەباتی کوردی تاراوگەدا؟
ژیانی سیاسیی دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان، وەک ژیانی خودی حیزبەکەیان، پڕ بووە لە هەوراز و نشێو و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و تەنگژەی جۆراوجۆر. کار و تێکۆشانی تاکتاکی دێموکراتەکان، لە هەر شوێنێکی جیهان کە بووبێت، پێویستە لە نووسینەوەی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەگشتی و مێژوونووسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، وەک لاپەڕەیەکی گرنگ و پڕشنگدار لە مێژووی سیاسیی نەتەوەی کورد لەبەرچاو بگیرێت و بایەخی شایستەیان پێ بدرێت.
بوون و مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ هەموو هەوراز و نشێوەکانی هەشت دەیەی ڕابردوودا، بەرهەمی فیداکاری، گیانبەختکردن و تێکۆشانی هەزاران تێکۆشەری ئەو حیزبەیە؛ ئەوانەی بێ هیچ چاوەڕوانییەک، ماڵ و گیانی خۆیان کردە قوربانیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم ڕەوتە مێژووییەدا، چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی «کوردستان» لە وڵاتە جیاوازەکان، لەوانەش ئازەربایجانی سۆڤیەت، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پاراستن و زیندووراگرتنی ناو، ناسنامە و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕۆژنامەکەی. ئەو تێکۆشەرانە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و کەموکوڕییەکان، قەڵەمیان وەک چەکێک بۆ خەبات هەڵبژاردبوو و لە نێو بێدەنگی و بێدەنگکردندا، هەوڵیان دەدا ببنە دەنگی نەتەوەیەک کە نەیدەویست لە مێژوودا لەبیر بکرێت.
لەبەر ئەوە، پێویستە ڕۆژنامەی «کوردستان» لە باکۆ وەک بەڵگەنامەیەکی زیندووی بەرخۆدانی فەرهەنگی و سیاسیی بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد هەڵبسەنگێندرێت؛ ڕووناکبیرانێک کە، بە پشتبەستن بە بیر و هزری مارکسیستی، هەوڵیان دەدا خەباتی نەتەوەیی بەردەوام بێت، ئاستی ئاگاییی زانستی، فەرهەنگی و نەتەوەیی بەرز بکرێتەوە و ناو و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان بپارێزرێت و زیندوو بمێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆژنامەی «کوردستان» لە باکۆ تەنیا پەڕەیەک لە مێژووی چاپەمەنیی کوردی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە مێژووی بەردەوامیی خەباتی سیاسی و نەتەوەییی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان و هەوڵی ڕووناکبیران بۆ پاراستنی ناسنامە و بیرەوەریی نەتەوەیی.