کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ، قەیرانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی نێوخۆیی، ڕێژیمی ئێران بەرەو کوێ دەبەن؟

14:54 - 16 خەزەڵوەر 2726

هیوا بەهرامی

لە ساڵی ١٩٧٩وە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێران دامەزراوە، ڕێژیم چەندین قەیرانی جۆراوجۆری تێپەڕاندووە. بەڵام دۆخی ئێستای ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی تووشی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە فرەڕەهەندەکانی مێژووی خۆی کردووە. شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، قەیرانی قووڵی ئابووری، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەنێو خەڵکدا و لاوازبوونی نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا، دەسەڵاتی ڕێژیمی لە هەموو کاتێک لەرزۆکتر کردووە.

زۆر نیشانە ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی قەیرانێکی چارەنووسساز بووەتەوە. ڕووخانی ڕێژیم بووەتە یەکێک لە ئەگەرە گرنگەکانی داهاتوو، هەرچەندە کاتی ڕووخانەکەی و شێوازی ڕوودانی هێشتا نادیارە.

ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر پشتی بە سێ کۆڵەکەی سەرەکی بەستبوو: دەزگایەکی بەهێزی ئەمنی و سەربازی، ئایدیۆلۆژیی «ویلایەتی فەقیهـ» و تۆڕێک لە هاوپەیمانانی ناوچەیی و هێزە بەوەکالەتەکانی (نیابەتی). ئەم پێکهاتەیە وای کردبوو تاران بتوانێت قەیرانە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێت و لە هەمان کاتدا نفووزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەت لە لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەن پەرە پێ بدات.

ئەمڕۆ هەر سێ کۆڵەکەکە لەژێر گوشارێکی زۆردان. شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕێژیمی ئێران، کاریگەریی لەسەر توانای سەربازیی ئەو وڵاتە داناوە و لە کاتێکدا هاوپەیمانە ناوچەییەکانی خۆیان ڕووبەڕووی کێشەی سەربازی و سیاسی بوونەتەوە، دەرفەتی مانۆڕی ڕێژیم بەرتەسکتر بووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، ناکۆکییەکان لەنێو دەسەڵاتدارانی ئێران لە زۆر ڕووەوە و بەتایبەت لەسەر سیاسەتی دەرەوە، پرسی شەڕ، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری، دەتوانن لەوەی هەیە زیاتر پەرە بسێنن. کۆی ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆی مەترسییەکی جیدی لەسەر مانەوەی ڕێژیم.

سیستەمێکی دەسەڵاتدار دەتوانێت بەرگەی شکستە سەربازییەکان یان قەیرانە ئابوورییەکان بگرێت؛ بەڵام کاتێک چەند بنەمایەکی دەسەڵات لە یەک کاتدا لاواز دەبن، ئەگەری ڕووخانی زۆر زیاتر دەبێت لە دەرفەتی مانەوە و بەردەوامبوونی.

قەیرانی ئابووری وەک یەکێک لە کێشە هەرە بەرچاوەکانی دەسەڵاتی تاران

دۆخی ئابووری لە ئێستادا زۆرترین گوشار دەخاتە سەر دەسەڵاتی سیاسیی ئێران. سنووردارکردنی هەناردەی نەوت، سزا ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕ، سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیمیان تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «واڵ ستریت جۆرناڵ» لە ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، بەشێکی زۆر لە پارەی فرۆشتنی نەوت کە ڕێژیم بۆ داهاتوو پاشەکەوتی کردبوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا خەرج کراوە. حکوومەتی ئەمریکا زیانی داهاتی ئێران لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا بە لانیکەم دەیان میلیارد دۆلار خەمڵاندووە.

بۆ ڕێژیمی ئێران، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە؛ داهاتی نەوت بەشێکی گرنگی بودجەی دەوڵەت دابین دەکات و یارمەتیی حکوومەت دەدات مووچەی هێزە ئەمنییەکان بدات، دامەزراوە دەوڵەتییەکان بەڕێوە ببات و تا ڕادەیەک گوشارە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە.

ئەگەر دۆخی فرۆشتنی نەوت بۆ ماوەیەکی زیاتر وەک ئێستا بمێنێتەوە، حکوومەت لە دابینکردنی ئەم پێداویستییانەدا ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبێتەوە. ئەمە بە تەنیا بە واتای ڕووخانی ڕێژیم نییە، بەڵام دەتوانێت وەفاداریی بەشێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لاواز بکات و توانای حکوومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە نوێیەکان کەم بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، گرانبوونی نرخەکان، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و کێشەکانی دابینکردنی پێداویستییەکان، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان قورستر دەکەن. کاتێک خەڵک چیدی نەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، ناڕەزایەتیی ئابووری و برسێتی دەتوانێت ببێتە هۆکاری ڕاپەڕینی بەملیۆنیی خەڵکی ئێران کە لە ئێستادا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

بەرەنگاربوونەوەی مەدەنی

خۆپیشاندانەکانی زستانی ٢٠٢٥–٢٠٢٦ نیشانیان دا کە ناڕەزایەتیی ئابووری چەندە بەخێرایی دەتوانێت ببێتە داواکاریی سیاسی. خۆپیشاندانەکان زۆر زوو بەشێکی بەرچاوی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و لە داواکارییە ئابوورییە سەرەتاییەکانەوە گەیشتنە ئاستی ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و دروشمەکان بە ڕوونی لە ئاراستەی ڕووخانی ڕێژیمدا بوون.

وەڵامی دەسەڵاتداران بریتی بوو لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، سنووردارکردنی ئینتێرنێت، بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و کوشتنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێران.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم ناڕەزایەتییە گشتییە دەتوانێت ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی ڕێکخراو؟ خۆپیشاندانی چەند دە کەسی یان ناوچەیی لەوانەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت بکرێت؛ بەڵام بزووتنەوەیەکی سەرانسەری کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پێکەوە ببەستێتەوە، دەتوانێت فشارێکی زۆر گەورەتر بخاتە سەر ڕێژیم.

ئەگەر قەیرانی ئابووری، خۆپیشاندانە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵات لە هەمان کاتدا توندتر بن، ڕێژیم لەگەڵ بارودۆخێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە کۆنترۆڵکردنی زۆر قورستر دەبێت.

سوپای پاسداران؛ پارێزەری ڕێژیم یان هۆکارێکی نائارامی؟

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی پاراستنی دەسەڵاتی ڕێژیم. ئەم دامەزراوەیە هێزی سەربازی، توانای بەرچاوی ئابووری و نفووزی سیاسیی بەرفراوانی هەیە.

تا ئێستاش وا دەردەکەوێت کە سوپای پاسداران بە یەکپارچەیی پشتگیری لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران دەکات؛ بەڵام کۆمەڵێک فاکتیش هەن کە دەری دەخەن لەنێو ئەم دامەزراوەیەشدا دزەکردنی دەرەکی (نفووزی دەرەکی) هەیە و ئەمەش دەتوانێت لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا درزێک دروست بکات کە ببێتە هۆی کێشەی بەرچاو لەنێو پێکهاتەی سوپای پاسداراندا.

لە هەمان کاتدا، زیادبوونی نفووزی سوپای پاسدارانیش دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی نوێ. کاتێک سەرچاوە داراییەکان کەم دەبنەوە و دەبێت بڕیارە قورسەکان لەبارەی سەرکوتکردن، گفتوگۆی دیپلۆماسی و چاکسازیی ئابووری بدرێن، بەرژەوەندیی جیاوازی گرووپەکانی دەسەڵات دەتوانێت ئاشکراتر و بەرچاوتر ببێتەوە و قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە.

ئەگەر بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان ڕەتی بکەنەوە فەرمانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکەن، یان ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵات ببنە دابڕانێکی ئاشکرا، ئەوا ڕێژیم ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبێتەوە.

بۆیە یەکێک لە لاوازییە سەرەکییەکانی ڕێژیم لە ئێستادا لەوانەیە تەنیا لە مەیدانی شەڕدا نەبێت، بەڵکوو ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە کە تا چەندە دامەزراوە سەرەکییەکانی دەسەڵات ئامادەن و توانایان هەیە سیستەمەکە بپارێزن.

لەدەستدانی نفووزی ناوچەیی، تارانی لاوازتر کردووە

ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس بووەتەوە. تۆڕی هاوپەیمانانی ناوچەیی و ئەوەی پێی دەوترێت «تەوەری بەرگری» (مێحوەری موقاومەت) بۆ چەندین دەیە ئامرازێک بوو بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل و نەیارەکانی دیکەیدا لە ناوچەکەدا.

لە ئێستادا بەشێکی بەرچاوی هاوپەیمانەکانی ڕێژیم لە دۆخێکی قەیراناویدان و نەک هەر ناتوانن پشتگیری لە ڕێژیم بکەن، بەڵکوو خۆشیان لەژێر گوشار و مەترسیی لەنێوچووندان.

داڕمانی زنجیرەیی بەشێک و لاوازبوونی یەک لە دوای یەکی بەشێکی دیکەی هاوپەیمان و هێزە بەوەکالەتەکانی (نیابەتیی) ڕێژیم، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ڕێژیم وێڕای ئەوەی دەیان ساڵ بە میلیاردەها دۆلاری بۆ ئەم هێزانە تەرخان کرد—و لە ڕاستیدا ئەو پارە و داراییەی دەبووایە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی ئێران بەکار بهاتایە، خەرجی کۆمەڵێک گرووپ و ڕێکخراوی تێرۆریستی کرا—لە بنەڕەتدا هەڵەیەکی ستراتیژیک بووە و ئەم ڕێکخراوانە بەگوێرەی پێویست ناتوانن ئەو هێزە بن کە ڕێژیم پشتی پێ بەستبوون.

بۆچی ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم زیاد دەبێت؟

ئەو ڕوانگەیەی کە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بەهێزتر لە جاران دەخەمڵێنێت (مەزەندە دەکات)، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ئێستادا چەند قەیرانێک لە یەک کاتدا بەربینگیان بە ڕێژیم گرتووە: لاوازبوونی ئابووریی وڵات، کەمبوونەوەی نفووزی ناوچەیی، قەیرانی شەرعییەتی سیاسی (مەشرووعیەت) و ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵاتدارانی ڕێژیم.

هەر یەک لەم فاکتەرانە بە تەنیا لەوانەیە بۆ ڕووخانی ڕێژیم بەس نەبێت؛ بەڵام ئەگەر لە یەک کاتدا بێنە ئاراوە و بە جۆرێک گرێدراوی یەکتر بن، دەتوانن بارودۆخێک دروست بکەن کە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە چیدی ئیمکانی نەبێت.

بۆ نموونە، خراپتربوونی دۆخی ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆی خۆپیشاندانی نوێ. سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندانانەش دەتوانێت ڕق و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات. ئەگەر لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی هێزە ئەمنییەکانیش لاواز ببێت، ئەگەری گۆڕانێکی بنەڕەتیی سیاسی زیاتر دەبێت.

لەو بارودۆخەدا، ڕێژیم چیدی ناتوانێت بە هەمان ئامرازە کۆنەکان قەیرانەکان کۆنترۆڵ بکات.

بەڵام پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان «زیادبوونی ئەگەری ڕووخان» و «دڵنیابوون لە ڕووخان». کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا توانیویەتی خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات و لەگەڵ بارودۆخی قورسدا خۆی بگونجێنێت. بۆیە ڕووخانێکی خێرا تەنیا کاتێک ڕوو دەدات کە گوشار یان هێرشی دەرەکی، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی خەڵکی ئێران بێتە ئاراوە و ئامانجی لایەنی دەرەکی بەڕاستی ڕووخانی ڕێژیم بێت.

دۆخی ئێران پاش نەمانی ڕێژیم؟

ڕووخانی ڕێژیم بە مانای کۆتاییهاتنی کێشەکانی ئێران نییە. ئێران هیچ کات دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی ئەزموون نەکردووە. نەتەوەی باڵادەست لە هەموو سیستەمە سیاسییەکانی مێژووی ئێراندا بەردەوام نەتەوە ژێردەستەکانی (بن‌دەستەکانی) چەوساندووەتەوە و ئەم پرسەش دەیان ساڵە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی سەرەکیی خەڵک بووە؛ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا خەباتێکی بێوچانی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد بەڕێوە بردووە.

تا ئەمڕۆش نەتوانراوە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران پێک بهێنرێت (ساز بکرێت). ئەوەی زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە خۆی پێ پابەند دەزانێت، پرسی دێموکراسییە. دێموکراسی لە دنیای ئەمڕۆدا باشترین سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵاتە و لەمەدا هیچ گومان و نکۆڵییەک نییە؛ بەڵام ئایا دێموکراسی بە تەنیا دەتوانێت مافەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و لەوانە نەتەوەی کورد دابین بکات؟

بەشێکی بەرچاوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو باوەڕەدان کە سیستەمێکی فیدراڵی دەتوانێت پرسی نەتەوەکان لە داهاتووی ئێراندا چارەسەر بکات. لە هەمان کاتدا بەشێکی بەرچاوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران سیستەمی فیدراڵی بە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران دەبینن و لەو باوەڕەدان بۆ مانەوەی ئێران دەبێت دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز جێگیر بکرێت و لە هەمان کاتدا مافی هاووڵاتیبوونی (شارۆمەندیی) هەموو دانیشتووانی وڵات بپارێزێت.

سیستەمێکی دێموکراتیک تەنیا لەسەر بنەمای مافی تاکەکەسیی هاووڵاتیبوون (شارۆمەندی)، دەتوانێت مافی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندا دەستەبەر بکات؛ بەڵام ناتوانێت ببێتە زامن و دەستەبەرکەری مافە نەتەوەییەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئەو وڵاتە.

بۆیە زۆر گرنگە کە لە ئێستاوە نوێنەرانی نەتەوە ژێردەستەکان و لەوانە حیزبەکانی کوردستان، وێڕای پێداگری لەسەر پرسی دێموکراسی و هاوکات سیستەمێکی فیدراڵی کە بتوانێت مافەکانی ئەو نەتەوانە دابین بکات، بکەونە دیالۆگێکی جیدی لەگەڵ لایەنە لیبڕاڵەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران. ئەگەر پێش ڕووخانی ڕێژیم، کۆدەنگییەک (ئیجماعێک) لەسەر چەند خاڵی سەرەکی لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەی باڵادەست و حیزب و لایەنەکانی سەر بە نەتەوە ژێردەستەکان دروست نەبێت، دوای ڕووخانی ڕێژیم گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخواز کارێکی ئاسان نابێت. لە هەر حاڵەتێکدا چەسپاندنی هەر چەشنە سیستەمێک دەبێت بە سازان (تەوافوق) لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست بێت و ئەمەش زەروورەتی ئەو دیالۆگ و دانوستانە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەسەلمێنێت.