کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاناڵی ۱۲ی ئیسرائیل: ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت

12:48 - 10 خەزەڵوەر 2726

کەناڵی ۱۲ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و کارناسانی ئەمنییەتی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران و توانای سەربازیی ماوەوەی ڕێژیم هۆشداری دەدەن و مەزندە دەکەن کە هێشتا نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکیی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە.

راز زیمت، بەرپرسی پرۆژەی ئێران لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: "تەنیا چەند ڕۆژ یان زۆرتر چەند حەفتەیەک ماوە تا دۆنالد ترامپ بگاتە ئەو قەناعەتەی کە چاوەڕوانیکردن بۆ وڵامی تاران بێسوودە."

ناوبراو پێشبینی کرد کە توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان پێش مانگی ژانویە و دەستبەکاربوونی کۆنگرەی نوێی ئەمریکا ڕوو بدات.

زیمت هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ مووشەکی بالستیکی لەبەر دەستەدایە و لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نوێدا، شارەکانی ئیسرائیل دیسان دەبنەوە ئامانجی ئەو مووشەکانە.