ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی شیکاریی تایبەت بە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و سزادرانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.
ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە بە دەسبەسەرکردن و سزادرانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینیدا (١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥ تا ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی) لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ماڵپەڕی «خۆڕاگری» تۆمار کراون.
دەسبەسەرکراوەکانی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینی
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینیدا، ٧٥ کەس (٦٧ پیاو و ٨ ژن) لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون. بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە؛ هەروەها ٦ کەسیش لە سێدارە دراون. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە دەسبەسەرکراوان و حوکمدراوانی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ خراوەتە ڕوو.
ڕێژەی دەسبەسەرکراوەکان بەپێی پارێزگای نیشتەجێبوون:
• پارێزگای ورمێ: ٣٠ کەس (٣ ژن، ٢٧ پیاو) کە دەکاتە ٤٠٪ی دەسبەسەرکراوەکان.
• پارێزگای سنە: ٢٨ کەس (٤ ژن، ٢٤ پیاو) کە دەکاتە ٣٧.٣٣٪ی دەسبەسەرکراوەکان.
• پارێزگای ئیلام: ١٢ کەس (١٢ پیاو) کە دەکاتە ١٦٪ی دەسبەسەرکراوەکان.
• پارێزگای کرماشان: ٣ کەس (١ ژن، ٢ پیاو) کە دەکاتە ٤٪ی دەسبەسەرکراوەکان.
• پارێزگای خوراسان: ٢ کەس (٢ پیاو) کە دەکاتە ٢.٦٦٪ی دەسبەسەرکراوەکان.
ڕێژەی دەسبەسەرکراوەکان بەپێی شاری نیشتەجێبوون:
• ١ کەس: ئاودانان، ئاشخانە، پاوە، بۆجنوورد، سەراوڵە، سەردەشت، سنە، کرماشان، لۆمار، مەریوان، مەڵەکشایی، نەغەدە، هەرسین.
• ٢ کەس: ورمێ، پیرانشار، تیکاب، دیواندەرە، کامێران.
• ٣ کەس: شنۆ، ئیلام.
• ٤ کەس: بەدرە، سنە.
• ٨ کەس: بۆکان.
• ٩ کەس: سەقز.
• ١١ کەس: مەهاباد.
جۆری حوکمە دەرکراوەکان بەپێی دۆسییەکان:
٢٥ کەس (٢ ژن و ٢٣ پیاو) لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای شۆڕش (ئینقلاب) و دادگای تاوانەوە، سزای بەندکردن و سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە کە جۆری تۆمەتەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
• پرۆپاگەندە دژی ڕێژیم
• بەشداری لە خۆپیشاندانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
• تێکدانی ئاسایشی گشتی
• ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکان
• بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
• بێڕێزی بە پیرۆزییەکان
٦ کەس لەو سزادراوانە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکان و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. ١٩ کەس لە سزادراوانی دیکە بە شێوەیەکی گشتی لەسەریەک بە ٥٢ ساڵ و ٤ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو، ١٣ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، ٢ ساڵ دوورخستنەوە (تەبعید)، ٤٤٦ ملیۆن تمەن پێبژاردن، ٣١ قامچی و هەروەها قەدەغەی چوونەدەرەوە بۆ دەرەوەی وڵات مەحکووم کراون. دوو کەس لەو سزادراوانە ژنن کە یەکێکیان (وریشە مورادی) بۆ جاری دووەمە سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێنرێت.
پوختەی جۆری سزاکان:
(تێبینی: هەندێک لە سزادراوەکان چەند جۆر سزایان بەسەردا سەپێنراوە)
• بەشداری لە خۆپیشاندانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی: ١١ کەس
• پرۆپاگەندە دژ بە ڕێژیم: ٥ کەس
• ئاژاوەگێڕی و ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکان: ٣ کەس
• تێکدانی ئاسایشی گشتی: ٢ کەس
• دوورخستنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوون (تەبعید) بۆ ماوەی ٢ ساڵ: ١ کەس
• لێدانی ٣١ قامچی: ١ کەس
• پێبژاردن (سزای نەختی) بە بڕی ٤٤٦ ملیۆن تمەن: ٤ کەس
• سزای سێدارە: ٦ کەس
• قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٧ ساڵ: ٢ کەس
ڕێژەی سزادراوەکان بەپێی پارێزگای نیشتەجێبوون:
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینیدا، ٢٥ کەس (٢ ژن و ٢٣ پیاو) لە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا سزا دراون کە دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
• پارێزگای سنە: ٩ کەس (٢ ژن و ٧ پیاو) – ٣٦٪
• پارێزگای ورمێ: ٥ کەس (٥ پیاو) – ٢٠٪
• پارێزگای کرماشان: ٥ کەس (٥ پیاو) – ٢٠٪
• پارێزگای ئیلام: ٤ کەس (٤ پیاو) – ١٦٪
• پارێزگای خوراسان: ٢ کەس (٢ پیاو) – ٨٪
تێبینیی ١ (جێبەجێکردنی سزای سێدارە):
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٦)، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی ٦ کەس لە بەندکراوانی سیاسی بە ناوەکانی خوارەوە جێبەجێ کردووە:
• سیاوەش جەمشیدیخیرئابادی، خەڵکی شارکورد
• عەلیڕەزا سپاهی، خەڵکی ئیسفەهان
• عەلیڕەزا ڕەئیسی، خەڵکی ئیسفەهان
• عومەر دۆرۆستاران، خەڵکی زاهێدان
• ئەیووب محەممەدنەبیل، خەڵکی وڵاتی عێراق
• عەلیسینا مستەفەوی، خەڵکی کرمان
بە گشتی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی (واتە لە ٧ مانگی ڕابردوودا)، سزای سێدارەی ٥١ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.
تێبینیی ٢ (ئازادکردن بە بارمتە):
١٤ کەس لە بەندکراوانی مانگەکانی پێشوو، لەم مانگەدا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتەی قورس کە لەسەریەک دەکاتە بڕی ٩٥ میلیارد تمەن، بە شێوەی کاتی تا کاتی دەرچوونی سزای کۆتایی لە بەندیخانە ئازاد کراون.