کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی تۆڕی نهێنیی ڕێژیم بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ دەریاییەکان

08:15 - 11 خەزەڵوەر 2726

لە ئاکامی بەدواداچوونێکی بەرفراوانی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، تۆڕێکی نهێنیی گەورە کە لە زیاتر لە ٥ هەزار ئۆرگان و کۆمپانیای سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران پێکهاتووە ئاشکرا بوو.

ئەم تۆڕە نادیارە، سەرەڕای گەمارۆ توندەکانی ڕۆژاوا و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، توانیویەتی بە میلیاردها دۆلار کەرەستەی سەربازی و کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی مووشەک و دڕۆن هاوردەی نێوخۆی ئێران بکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییە کە لەسەر بنەمای هەزاران بەڵگەنامەی بانکی، گومڕکی و بەڵگەنامەکانی تۆماری کۆمپانیاکان ئامادە کراوە، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە لە ڕێگەی ئەم تۆڕە سەربازی و کۆمپانیا ساختەکانەوە، لانیکەم ٢.٣ میلیارد دۆلار کەرەستەی سەربازی، تەقەمەنی، سووتەمەنیی ڕەقی مووشەک و بارهەڵگری قورسی بۆ ڕەوانەکردنی سەکۆی مووشەکی هاوردە کردووە.

زۆربەی ئەم بارانە لە وڵاتانی چین، ڕووسیە و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپاییەوە بار کراون و لە ڕێگەی دەریای خەزەر، ڕێگە زەوینییەکانی ئاسیای ناوەندی و گەشتە ئاسمانییەکانەوە گوازراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا پەردە لەسەر پەیوەندیی ئەم تۆڕە نهێنییە لەگەڵ فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ناوەندەکانی سەرکوت لادراوە؛ لەوانە "حەسەن شاهوارپوور" فەرماندەی سپا لە خوزستان کە لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ۱۳۹۸ و بەفرانباری ۱۴۰۴ خرابووە لیستەی سزاکانەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە هەروەها ئاشکرای دەکات کە هاوردەکردنی سەدان تۆن ماددەی شیمیایی سووتەمەنیی مووشەک بۆ بەندەری "ڕەجایی" لەلایەن یەکێک لە ناوەندەکانی ئەم تۆڕەی وەزارەتی بەرگری، هۆکاری سەرەکیی تەقینەوە گەورەکەی بەهار لەو بەندەرەدا بووە.