کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ڕێگە نادەین ڕێژیمی ئێران ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئابووریی جیهان بکاتە بارمتە

08:17 - 11 خەزەڵوەر 2726

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بە هۆشدارییەکی توندەوە جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئامادەیی واشنگتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کردەوە.

دۆناڵد بلۆم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات ڕێژیمی تاران بە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی، ئەمنییەتی ناوچەکە و ئابووریی جیهان بباتە ژێر بارمتەی خۆیەوە.

بلۆم لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین وتی: "ئەمریکا دەستی دیپلۆماسیی بۆ گفتوگۆ درێژ کردووە، بەڵام هاوکات ئامادەیە ڕێگەیەکی دیکەش (بژاردەی سەربازی) بگرێتە بەر.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنگتۆن لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە هاواهەنگیدایە، چونکە مەترسییەکانی تاران هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ سەر تەواوی ناوچەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ لە ئاتلانتا، ڕێژیمی ئێرانی بە بەئامانجگرتنی ئەنقەستی کەشتییە بازرگانییەکان و تێکدانی ئەمنییەتی ئاوڕێگە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کرد.

ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا شەوانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیم دەستبەکار دەبن.

هەروەها جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێگەچارەی دیپلۆماسیی پێ باشترە، بەڵام واشنگتۆن توانای سەربازیی تەواوی هەیە و ئەگەر تاران ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە، جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی دوور نییە.