لە کاردانەوەیەکی توونددا بەرانبەر بە دەستدرێژی و هێرشە مووشەکی و دەریاییەکانی تاران، دەسەڵاتدارانی ئێمارات جەختیان لەسەر ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەشەکردنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان کردەوە.
ئەنوەر محەممەد قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئێمارات ڕایگەیاند، سەرەڕای هیواخواستن بۆ سەرکەوتنی دانوستانە دیپلۆماتیکەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، بەڵام وڵاتەکەی خۆی بۆ خراپترین ئەگەر و تێکهەڵچوونی سەربازی ئامادە کردووە.
قەرقاش لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەمنییەتی "دیالۆگی مەنامە" لە بەحرەین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمنییەتی وڵاتانی کەنداو دابەشبوونی بەسەردا نایەت و دەستدرێژییەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەریخست کە هەموو لایەک بە ئامانج گیراون.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ تاران دوای هێرشە مووشەکییەکان و بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز، لەوانەیە دەیان ساڵی پێ بچێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا، جاسم محەممەد بەدیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەندام لە ئاکامی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیدا تووشی زەرەر و زیانی گیانی و وێرانبوونی ژێرخانی مەدەنی و هەستیار بوونەتەوە.
ئەم هەڵوێستانە لەکاتێکدا دەردەبڕدرێن کە شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە هەڵگیرساوە و دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیش بە ناوبژیوانیی قەتەر بەردەوامن.