ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانەش ئێسفەهان، ئەهواز، تاران، کرماشان، ڕەشت، دێزفوول و شووش، بوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی سەرانسەریی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیی پۆڵا.
ناڕازییان جیا لە خستنەڕووی داواکارییە ئابووری و دەرمانییەکانیان، بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕاستەوخۆ دژی گەندەڵی، هەڵاوسان، حوکمی لەسێدارەدان و بەرپابوونی شەڕ، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بەندکراوانی سیاسییان کرد.
لە شاری ئیسفەهان، خانەنشینانی پۆڵا بە ڕێپێوان بەرەو پارێزگا دروشمی "دوژمنی ئێمە لێرەیە، بە درۆ دەڵێن ئەمریکایە" و "دزی و درۆزنی پیشەیانە"یان وتەوە و ناڕەزایەتییان بەرانبەر دابەزینی ئاستی ژیان بۆ ژێر هێڵی هەژاری دەربڕی.
هاوکات لە کرماشان و ئەهواز، خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "شەڕخوازی بەسە، سفرەی ئێمە بەتاڵە"، "نە شەڕمان دەوێت نە کوشتار، بژیویمان دەوێت"، "دەسبەسەری ناڕازی دەبێت ئازاد بکرێت" و "بە نەفرەت بێت حوکمی لەسێدارەدان"، سیاسەتە ئەمنییەتی و شەڕخوازییەکانی ڕێژیمی تارانیان مەحکووم کرد.
لە تاران، ڕەشت و ناوچەکانی شووش، حەوتتەپە و کەرخە، بەشداربووان لە بەرانبەر دامەزراوە حکومییەکان کۆ بوونەوە و جەختیان لەسەر یەکگرتوویی لە بەرانبەر گەندەڵی و چەوسانەوە کردەوە.
ناڕازییان بەگشتی داوای زیادکردنی مووچەی خانەنشینی هاوتا لەگەڵ هەڵاوسان و تێچووی ژیان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان، سڕینەوەی بیمەی تەواوکەری (تەکمیلی)، جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە مافی خانەنشینان و دانانی قەرزەکانی دەوڵەت بە ڕێکخراوی دابینکاریی کۆمەڵایەتییان کرد.
ئەم خۆپیشاندانانە لەکاتێکدایە کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ەوە، کێشەی بژێوی و هەڵاوسان گەیشتووەتە لووتکە و دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمیش زیاتر لە ٧٠ بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە داوە و سەدان کەسی دیکەشی خستووەتە مەترسیی سێدارەوە.