کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەک کەین: کاتی ئەوە هاتووە کۆماری ئیسلامی بخرێتە سەر ڕێڕەوی داڕمان

09:26 - 11 خەزەڵوەر 2726

لە کاردانەوە بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و بێئاکامبوونی هەوڵە دیپلۆماتیکەکان، ژێنراڵ جەک کەین، جێگری پێشووی سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گوشاری ئابووری بە تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی بەس نییە و دەبێت واشنگتۆن و هاوپەیمانەکانی، ئەم ڕێژیمە بخەنە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی داڕمان و ڕووخان.

جەک کەین لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"دا، لە وڵامی هەڕەشەکانی موجتەبا خامنەیی سەبارەت بە وڵامدانەوەی "بەبێ سنووردارکردنی جوغرافیایی"، جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هەڕەشانە ناتوانن دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بڕیارەکانیان پاشگەز بکەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەرچی هەڕەشەکانی تاران کاریگەریی دەروونیی لەسەر وڵاتانی کەنداو داناوە، بەڵام ئەم وڵاتانە ئەگەر دەیانەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنن، دەبێت باجەکەی بدەن.

ئەم بەرپرسەی پێشووی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەش مانگ و نیو هەوڵی دیپلۆماتیک هیچ ئەنجامێکی نەبووە و بەردەوامبوونی دانوستانەکان و پاراستنی ڕەوشی ئێستای بە ڕێڕەوێکی بەرەو شکست پێناسە کرد.

کەین جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی نە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بنەڕەتیدا جیددییە و نە بەڵێنەکانیشی دەپارێزێت، له ئەنجامدا هێزی بەرگریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی توانای ئەوەیان هەیە بە ئامانجگرتنی بەشێکی گەورەی توانای تۆڵەسێنەرەوەی تاران، ئاستی زیانەکان سنووردار بکەنەوە.