کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ۱۸ هێرشی سپای پاسداران لە گەرووی هۆرمۆز

09:28 - 11 خەزەڵوەر 2726

ناوەندی هاوبەشی زانیارییە دەریاییەکان لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی نێوان ١٤ی ڕەزبەر تا ١٠ی خەزەڵوەر، ١٨ هێرشی سەلمێندراو و پەلاماری ڕاستەوخۆ لە گەرووی هۆرمۆزدا تۆمار کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیاوە بڵاو کراوەتەوە، کردەوە ئاژاوەگێڕانەکان و کۆسپنانەوەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی خەزەڵوەردا، سێ کەشتیی بازرگانی لە نزیک ناوچەی "موسەندەم" کراونەتە ئامانج.

ئە ناوەندە کردارەکانی سپای پاسدارانی لە چوارچێوەی "فڕینی دڕۆن بەسەر کەشتییەکاندا"، "چاوەدێریی مەبەستداری کەشتییە بازرگانییەکان"، "پەیوەندیی ڕادیۆیی و دروستکردنی گوشار بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان" پۆلێن کردووە و ئاستی مەترسییەکانی لە گەرووی هۆرمۆزدا بە "زۆر بەرز" هەڵسەنگاندووە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە کەشتیی گواستنەوەی گازی سروشتیی شلکراوەی "ئەلمایده" لە ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەر، لە ٤٠ مایلی دەریایی باشووری دوورگەی لاوان لە کەنداو، پێکراوە و ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە.

بەپێی بەراوردەکانی ناوەندی هاوبەشی زانیارییە دەریاییەکان، لە ئێستادا نزیکەی ٤٩٠ کەشتیی بازرگانی لە دەرەوەی گەرووی هۆرمۆز لە چاوەڕوانیی تێپەڕبووندان و بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی ئاوڕێگەکان، قەرەباڵغییەکە بەردەوامە.