لە ئاکامی داڕمانی ژێرخانی وزە و ئاسەوارەکانی شەڕدا، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دانیان بە قەیرانێکی کەموێنەی دابینکردنی گاز لە وڵاتدا نا.
سەعید تەوەکولی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی میللیی گازی ئێران ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ لە کاتی لووتکەی بەکاربردندا، وڵات ڕووبەڕووی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن میتری سێجا کەمبوونی گاز و دابەزینی توانای بەرهەمهێنان دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا"، تەوەکولی ئاشکرای کردووە کە تەنیا ئەمساڵ ١٣٠ میلیۆن میتری سێجا دابەزینی ڕاستەوخۆ لە توانای بەرهەمهێنانی گازدا ڕووی داوە.
ناوبراو ئاماژەی بە وێرانبوونی دامەزراوەکانی چوار پاڵاوگەی گاز لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا کرد و وتی: "لە کۆی ٢٣٠ میلیۆن میتری سێجا توانای لەدەستچوو، تەنیا ١٠٠ میلیۆن میتری سێجا گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو پرۆسەی بەرهەمهێنان."
ئەم دانپێدانانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا کەیی گاز لە وەرزەکانی سەرما لە نێوان ٢٥٠ تا ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجا بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ تێکەڵبوونی داڕمانی ژێرخانە بنچینەییەکان لەگەڵ زیانەکانی شەڕ، قەیرانەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی بێوێنە و ئابووریی وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی پەککەوتنی تەواوەوە.