کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارێکی دکتۆرا لە زانکۆی تاران لەژێر گوشاری دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا هەوڵی خۆسووتاندنی دا

12:20 - 11 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی ڕەوتی سەرکوت و دروستکردنی گوشاری دەروونی لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری، "شاهین شکووهی" خوێندکاری کۆمەڵناسیی زانکۆی تاران، لە ئاکامی بانگکرانی بەردەوام بۆ کۆمیتهی‌ ئێنزیباتی و توندبوونەوەی هەڕەشەی سەرکوتکەرانەی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان، هەوڵی خۆسووتاندنی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خوێندکارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، شاهین شکووهی لە بەرانبەر بینای "فولاد"دا هەوڵی خۆسووتاندنی داوە.

ناوبراو کە پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا دەسبەسەر کرابوو، ماوەیەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکان و کۆمیتەی ئێنزیباتی زانکۆوە لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامدا بووە.

سەرەڕای ئەوەی ئەم خوێندکارە پاش ئەم ڕووداوە بۆ ناوەندێکی دەرمانی گوازراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا باری تەندروستیی نادیارە و بەرپرسانی زانکۆش لەمبارەیەوە سیاسەتی بێدەنگییان گرتووەتە بەر.

لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانیی جیددی هەیە کە دەزگا ئەمنییەتییەکان پێش تەواوبوونی پرۆسەی دەرمان، دۆسییەی ئەمنییەتی یان بڕیاری دەسبەسەرکردنی بۆ دەربکەن.

زیادبوونی گوشارەکان لەسەر ناوەندە ئاکادێمییەکان و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان لە زانکۆکاندا، نیشاندەری ترسی ڕێژیم لە هەڵگیرسانەوەی بزووتنەوە خوێندکارییەکانە.