سزای لەسێدارەدانی ئارمان مەعرەفەتی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، کە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج دەسبەسەرە، لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە پەسەند کرا.
ناوبراو پێشتر لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵواتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ئەو بەندکراوە، تۆمەتەکانی وەک «بەشداریکردن لە کردەوەی دژی ئەمنییەتیی ڕێژیم، چوونەژوورەوە بۆ ناو شوێنە پیرۆزەکان بە مەبەستی تێکدان و بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حوجرەی عیلمییە»ی دراوەتە پاڵ.
ناوبراو پێشتر لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکە بە ناوەکانی مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالکی لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا دادگایی کرابوون.
سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لە خەرمانانی ئەمساڵدا جێبەجێ کرا.
ئەوان بە تۆمەتگەلێکی وەک "هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتە دوژمنکارەکان"، "دروستکردنی نائارامی و ترس و تۆقاندنی گشتی"، "تێکدان و ئاگرتێبەردانی مڵک و ماڵی گشتی" و "بەشداریکردن لە کردەوەی دژی ئەمنییەتی ڕێژیم"، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
ئارمان مەعرەفەتی، تەمەنی ٣٨ ساڵە، خەڵکی سەقز و دانیشتووی تارانە. ناوبراو کە لە گۆڕەپانی میوە و تەڕەبار کاری دەکرد کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە تاران دەسبەسەر کرا و لە خەرمانانی ١٤٠٥دا لە زیندانی تارانی گەورە بۆ زیندانی قزڵحەسار گوازرایەوە.