لە مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەدانی لانیکەم ۸۵ بەندکراو بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابردوو لانیکەم ۱۷ حاڵەت زیادی کردووە.
بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژمارەی بەندکراوانێک کە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۶وە تا ئێستا لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ۶۸۹ کەس.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانیکەم ژنێک لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ۸۵ بەندکراوی لەسێدارەدراو لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبردا، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۱۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکان و ماڵپەڕە پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە بڵاو کراونەتەوە.
هەروەها سزای سێدارەی ۹ بەندکراو بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوە و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی ۶ بەندکراوی سیاسی لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و شەڕی ۴۰ ڕۆژە بە تۆمەتی وەکوو موحاربە و سیخوڕی جێبەجێ کراوە.
سیاوەش جەمشیدی خەیرئابادی، عەلیڕەزا سپاهی، عەلیڕەزا ڕەئیسی، ئەیووب محەممەد نەبیل، عومەر دورستاران و عەلی سینا مستەفەوی ئەو زیندانییە سیاسییانەن کە لە مانگی ئۆکتۆبردا لە سێدارە دراون.