کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی موزەفەر شاکری کەسایەتیی زانستی و نیشتمانپەروەر لە تاران

13:18 - 30 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی، دوکتور موزەفەر شاکری مامۆستا لە توێژینگەی شیمیی تاران و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و زانستیی دیار و نوخبەی کورد لە شاری تاران و خەڵکی مەریوان بەهۆی نەخوشییەوە کۆچی دوایی کرد.

دوکتور موزەفەر شاکری کوڕی مام ساڵح و پوورە فاتم ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی، لە ئاوایی زەکریان سەر بە شاری مەریوان لە بنەماڵەیەکی زانستدۆست و کوردپەروەر لەدایک بوو.

قۆناغی سەرەتایی هەر لە زێدەکەی خۆی تەواو دەکات و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لێهاتوویی و بەهرەی زەیینی لەلایەن مامۆستاکانیەوە هەستی پێکراوە.

ناوبراو بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی لە ئاوایی زەکریان، بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی کردوەتە ئاوایی نەنە و ئەو قۆناغەش وەک قوتابییەکی پلەی یەکەم تەواو کردووە.

دواتر لە تاقیکردنەوەی قوتابییە هەڵکەوتووەکانی مەریوان بەشداری کردووە و لە قوتابخانەی نموونەی سنە لە بەشی بیرکاری وەرگیراوە.

ناوبراو ئەو قۆناغەشی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و لە زانکۆی پیشەسازیی سەهەندی تەورێز، بڕوانامەی لیسانس لە ئەندازیاریی شیمی وەرگرتووە.

دوکتور موزەفەر دواتر لە زانکۆی "سەنعەتیی شەریف"ی تاران و  هەر لەو بوارەدا بڕوانامەی کارناسی باڵای وەرگرتووە.

خولیای زانست و فێربوون بەرەو دەرەوەی وڵاتی دەبات و لە زانکۆی "پیشەسازیی توکیۆ"ی ژاپون ورگیراوە و قۆناغی دوکتۆرا لەوێ تەواو ئەکات. هەروەها قۆناغێکی تری زانستیی لە "زانکۆی کیۆشۆ"ی ئەو وڵاتەی تێپەڕاندووە. تینویەتیی بۆ زانست هەر بەوە  نەشکاوە و بۆیە ڕووی لە وڵاتی سوید و دواتر وڵاتی هولەند کردووە و قۆناغی دوای دوکتۆرای بە سەرکەوتووی تەواو کردووە.

 هەر لە زانکۆی ستۆکهۆڵمی سوید وەک لێکۆڵەری باڵا ئەمێنێتەوە. بەڵام خۆشەویستیی خاک و نیشتمانەکەی وای لێدەکات بەرەو مەریوان بێتەوە و دوای پشوویەکی کورت ئەچێتەوە تاران و لە "توێژینگەی شیمی و ئەندازیاریی شیمی" خەریکی لێکۆڵینەوە و وانەوتنەوە ئەبێت.

هەروەها ناوبراو هاوکارێکی دڵسۆزی یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بووە و لەدەستدانی وەها کەسایەتییەک زیان و کەسەر بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بواری زانستییە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.