کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستا قادر خەسرەوی هونەرمەندی ناسراو و نیشتمانپەروەر لە بۆکان

13:40 - 30 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، مامۆستا قادر خەسرەوی کانی سەیران ناسراو بە "قادر غەریب"، خەڵکی ئاوایی قاراوای بۆکان، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا قادر لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣١٣ی هەتاویدا، لە ئاوایی «کانی‌سەیران»ی سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە و یەکێک بوو لە هونەرمەندە دێرین و دیارەکانی بواری مۆسیقای فۆلکلۆر، بەیت و حەیران.

ناوبراو بە یەکێک لە ئەرشیڤە زیندووەکانی بەیتی کوردی دادەنرا، چونکە جگە لە وتنەوەی سەدان بەیت، حەیران و مەقامی کوردی، شارەزاییەکی قووڵی لە مێژوو و هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو بەیت و ئاوازە فۆلکلۆرییانەدا هەبووە.

هەروەها ناوبراو لە سەرەتای کارە هونەرییەکانیدا لەگەڵ مامۆستایانی گەورەی وەک حەسەن زیرەک و محەممەد ماملێ کاری کردووە و چەندین پلە و خەڵاتی لە فێستیڤاڵە ناوچەیی و سەرانسەرییەکانی مۆسیقای فۆلکلۆردا بەدەست هێناوە.

تەرمی ناوبراو لە ئاوایی قاراوای بۆکان و بە بەشداریی هونەرمەندانی شارەکانی موکریان و خەڵکی بۆکان و ئاواییەکانی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.