ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، مام محەممەد عەلیاریی نەقشبەندی، کەسایەتیی ناسراو و تێکۆشەری دەڤەری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەنەوە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
مام محەممەد لە ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە ئاوایی «واشەمەزین» سەر بە شاری سەردەشت، لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ئایینی و نیشتمانپەروەر لەدایک بوو.
ناوبراو کەسایەتییەکی خاوەن پێگە بوو کە ماڵەکەی هەمیشە جێگای حەوانەوە و میوانداریی تێکۆشەران و کوردپەروەران بووە.
دوای نسکۆی کۆماری کوردستان، حاجی مەلاعەلی باوکی پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەوی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەدا هەبووە.
حاجی مەلاعەلی لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و دژی ڕێژێمی پاشایەتی تێکۆشاوە و میراتی ئەو تێکۆشانە لە سەردەمی نوێشدا لەلایەن کوڕەکانی پارێزرا و لەسەر بنەمای ئەو پاشخانە تێکۆشەران و پێشمەرگەکان لە ماڵی مەلاعەلی و کوڕەکانی میوانداری کراون و حەساونەتەوە.
ناوبراو هەروەها برای شەهید «لەتیف نەقشبەندی» یەکێک لە کادر و پێشمەرگە دیارەکانی بزووتنەوەی چەکدارانەی ١٣٤٦–١٣٤٧ بوو. ناوبراو هەمیشە دڵسۆز و لە خەمی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەیدا بووە، ناوبراو تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.
تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی و لە ئاوایی واشەمەزین بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.