کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ١٣٠ ڕۆژە ڕێگری لە هەناردەکردنی چەندین میلیارد دۆلار نەوتی سپا دەکەین

08:04 - 1 سەرماوەز 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە پێی ناوەتە ١٣٠ــەمین ڕۆژی بەردەوامیی خۆی و هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی خاو بە بەهای چەندین میلیارد دۆلار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەکەن.

سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ١٣٠ــەمین ڕۆژی بەردەوامیی گەمارۆدانی ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە. هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە وردبینیی تەواو و ئیرادەیەکی پتەو ئەم گەمارۆیە جێبەجێ دەکەن و ڕێگری لە هەناردەکردنی چەندین میلیارد دۆلار نەوتی خاو لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەکەن."

گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی بەشێکە لە هەنگاوە سەربازی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سنووردارکردنی داهاتە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران و پەکخستنی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ چالاکییەکانی سپای پاسداران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوبەشی زانیارییە دەریاییەکان کە لە ٢٧ی خەزەڵوەردا بڵاو کراوەتەوە، قۆناغی ئێستای گەمارۆی دەریایی بەندەر و کەناراوەکانی ئێران لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ــەوە دەستی پێکردووە و هۆشداریش دراوەتە کەشتییە بازرگانییەکان کە لە کاتی تێپەڕبوون بە ئاوەکانی دەوروبەری ئێراندا ئاگادار بن.

ئەم لێدوانە نوێیەی سێنتکام لەکاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، چوار کەسی ئێرانیی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تۆڕەکانی گواستنەوەی داهاتی فرۆشتنی نایاسایی نەوت و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان خستە لیستی سزاکانەوە.