جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە وتارێکدا بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیەوە، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی لوبناندا نییە و جەختی لە کۆتاییهاتنی سەردەمی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردەوە.
عەون ڕوو لەوانەی کە بە "بەرپرسانی دەستێوەردان"ی ڕێژیمی ئێران لە لوبنان ناوی بردن، وتی: "بە ڕاشکاوی دەڵێم کە ئێمە ڕێز لە خەڵکی ئێران و شارستانییەتەکەیان دەگرین و هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، خوازیاری پەیوەندیی دۆستانە و بنیاتنراو لەسەر ڕێزی دوولایەنەین لەگەڵ ئێراندا."
ناوبراو جەختی کردەوە کە دۆستایەتیی نێوان وڵاتان ئەو مافە بە هیچ وڵاتێک نادات کە دەستێوەردان لە بڕیارەکانی وڵاتێکی دیکەدا بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل" و میدیاکانی لوبنان، سەرۆککۆماری لوبنان ڕوو لە کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی بۆ وڵاتی خۆتانی پەسەند ناکەن، داواش لە لوبنان مەکەن بۆ وڵاتەکەی پەسەندی بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جۆزێف عەون ئاماژەی بەوە کرد کە لوبنان ڕووبەڕووی دوو ئاڵنگاریی پێکەوەبەستراو بووەتەوە؛ ئەوانیش داگیرکاریی ئیسرائیل و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی پشتیوانیکردنی تاران لەو چەکانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی لوبناندان، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا.
عەون لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا جەختی کردەوە کە سەردەمی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کۆتایی پێ هاتووە.