لە درێژەی سیاسەتە شەڕخوازی و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و تێکدانی ئەمنییەتی کەنداو، هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کردە سەر خاکی بەحرەین و ناوەندێکی پیشەسازیی مەدەنییان کردە ئامانج، کە ئەمەش کاردانەوە و مەحکوومکردنی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.
وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی ئەو "دەستدرێژییە قێزەونەی" کۆماری ئیسلامی، دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی گڕی گرتووە و زیانی ماددیی بەر کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوکات فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین ڕایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئێرانیان پووچەڵ کردووەتەوە.
لە بەرانبەردا، سپای تێرۆریستیی پاسداران بەرپرسیایەتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و بانگەشەی کرد کە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لە بنکەکانی "ئەلڕەفاع" و "عەوالی" پێکاوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین وێڕای ڕەتکردنەوەی پاساوەکانی سپای پاسداران و بە مەدەنی زانینی شوێنی هێرشەکە، ئەم هەنگاوەی تارانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتەکەی، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شۆرای ئەمنییەت وەسف کرد.
بەحرەین داوای لە شۆرای ئەمنییەت کرد ڕێژیمی ئێران ناچار بکات هێرشەکانی بۆ سەر مەدەنییەکان ڕابگرێت، ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز و بابولمەندەب مسۆگەر بکات و کۆتایی بە پشتیوانیکردن لە گرووپە نیابەتییەکان بهێنێت؛ هەروەها بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەی ٦١/١ی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و ناچار بکرێن تەواوی زیانەکان قەرەبوو بکەنەوە.