کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەک، شۆفێرانی بارهەڵگر لە ١٥ شاری کوردستان و ئێران مانیان گرت

10:25 - 4 سەرماوەز 2726

قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، هەڵکشانی بێسنووری نرخی دۆلار و سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕێژیم، کەرتی گواستنەوەی تووشی قەیرانێکی قورس کردووە و مانگرتنی سەرانسەریی شۆفێرانی بارهەڵگر، وێڕای حاشالێکردنی بەرپرسان، پێی ناوەتە سێیەمین ڕۆژی خۆیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تێلێگرامیی "یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی شۆفێرانی بارهەڵگری سەرانسەری ئێران"، ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەز، شۆفێران لە ١٥ شار، لەوانە کرماشان، دیواندەرە، تاران، شیراز، ئێسفەهان، قەزوین، بەم، سیرجان، دێزفوول، بەندەرعەباس، گەچساران، چابەهار، جیرۆفت، ئەهواز و زابول، بۆ سێیەمین ڕۆژی بەردەوام دەستیان لە بارگواستنەوە کێشاوەتەوە و هاوکات بەشێک لە شۆفێران لە شاری قومیش پەیوەست بوون بە مانگرتنەکەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم یەکیەتییەدا هاتووە کە نرخی تایە، ڕۆن و پارچەی یەدەگ بە دۆلار هەژمار دەکرێت، بەڵام کرێی گواستنەوە وەک ساڵی ڕابردوو ماوەتەوە و زیادکردنی ٢٢ لەسەدی بە هیچ شێوەیەک وڵامدەری تێچووەکان نییە.

یەکیەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نرخی تایەیەک لە حەفتەی ڕابردوودا لە ٢٠٩ میلیۆن تمەنەوە گەیشتووەتە ٢٤٦ میلیۆن تمەن؛ هەروەها شۆفێرێک ڕایگەیاندووە کە تێچووی گۆڕینی ڕۆن بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ٢٠ میلیۆن تمەنەوە بووەتە ٦٧ میلیۆن تمەن.

لە بەرانبەردا، جەلال مووسەوی، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئەنجومەنە پیشەییەکانی شۆفێرانی بارهەڵگر و ڕەزا ئەکبەری، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێگاوبان، حاشایان لە مانگرتنەکە کردووە.

شۆفێرانی بارهەڵگر پێشتریش بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کێشە بژێوی و پیشەییەکانیان، دەستیان دابووە مانگرتن.