کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا دوو تاوانباری بەهۆی ڕێکخستنی هێرشە دژەجوولەکەکان بۆ سپای پاسداران سزا دا

09:17 - 6 سەرماوەز 2726

دەوڵەتی ئوسترالیا، ڕۆژی هەینی ٦ی سەرماوەز، دوو کەسی بە تاوانی ڕێکخستنی هێرشە دژەجوولەکەکان لەو وڵاتەدا بە نوێنەرایەتیی سپای پاسداران، خستە ژێر سزا داراییەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرەوە.

پێنی ڤۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە «زوهەیر حەسیب» و «کازم حماد» تۆمەتبارن بەوەی کە بە بەکارهێنانی تۆڕێک لە دەستوپێوەندییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە ساڵی ١٤٠٣دا هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵگەی جوولەکەکانی ئوسترالیا.

بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی ئوسترالیا، ئەم هێرشانە چێشتخانەیەکی تایبەت بە خواردنە حەڵاڵەکانی جوولەکە (کۆشێر) لە سیدنی و پەرستگای جوولەکەکانی «ئاداس ئیسرائیل»یان لە مێلبۆرن کردبووە ئامانج.

چالاکییەکانی ئەم دوو کەسە پێشتر لە هەڵسەنگاندنی هەڕەشە ئەمنییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئاسایشی ئوسترالیادا ئاماژەیان پێ کرابوو، بەڵام ئێستا بۆ یەکەمجار ناوەکانیان بە شێوەیەکی گشتی ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا، هەر جۆرە مامەڵەیەک بە سامانەکانی ئەم دوو کەسە یان دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆیان قەدەغەیە. پێشێلکردنی یاساکانی سزای ئوسترالیا دەکرێت تا ١٠ ساڵ زیندانیکردن و سزای دارایی قورسی لێ بکەوێتەوە.

ئەم سزایانە لە درێژەی هەنگاوەکانی حکوومەتی ئوسترالیا دژی کۆماری ئیسلامیدان، لەوانە دەرکردنی باڵیۆزی ئێران و سێ دیپلۆماتکاری دیکە و هەڵپەساردنی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە تاران.

حکوومەتی ئوسترالیا لە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤یشدا سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی بە فەرمی خستبووە لیستی ڕێکخراوەکانی پشتیوانی تێرۆرەوە.