کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا: ئێمە بۆ ئێران کار ناکەین، ئێران بۆ ئێمە هەوڵ دەدات

09:33 - 6 سەرماوەز 2726

«نەعیم قاسم»، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم گرووپە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی: «ئێمە بۆ ئێران کار ناکەین، بەڵکوو ئەوە ئێرانە کە بۆ ئێمە هەوڵ دەدات و لەبەر ئێمە قورسایی بەرپرسیارێتییەکانی خستووەتە سەر شانی خۆی».

ئەم قسانە لەکاتێکدا دەکرێن کە ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری سزاکان و لێکەوتەکانی شەڕدایە، نرخی دراو ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات و هێشتا کۆماری ئیسلامی سەرچاوە داراییەکانی ئێران دەخاتە بەردەست حیزبوڵڵای لوبنان.

قاسم وێڕای سپاسکردنی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم گرووپە لەپێناو سەربەخۆیی لوبناندا باج دەدات.

هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی کرد کە ئارامگرتنی حیزبوڵڵا سنووری هەیە و ئەم گرووپە ئامادەیە بەرگری لە بوونی خۆی بکات.

ناوبراو سەبارەت بە ڕەهەندە داراییەکانی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا باسی لە وردەکاریی زیاتر نەکرد، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی لە مانگەکانی ڕابردوودا بڵاو بوونەتەوە، باس لە بەردەوامیی هاوکارییە سەدان میلیۆن دۆلارییەکانی تاران بۆ ئەم گرووپە دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە حیزبوڵڵای لوبنان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شەڕ بڕی ٢٠٠ میلیۆن دۆلاری لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نێوەندگیرەکانی گواستنەوەی پارەکەش لەسەدا ٢٠ کرێیان وەرگرتووە؛ کە چوار هێندەی نرخی ئاساییە.

پێشتریش «عەلی دەعمووش»، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا، ڕایگەیاندبوو کە ئەم گرووپە بەو خێزانانەی خانووەکانیان لە شەڕدا وێران بووە یان شیاوی نیشتەجێبوون نین، لە بەیرووت و دەوروبەری باشووری ئەو وڵاتە، بڕی ١٤ هەزار دۆلار و لە ناوچەکانی دیکەی لوبنان ١٢ هەزار دۆلار هاوکاریی نەختینە دەدات.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی لە دە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیشدا بڕی یەک میلیار دۆلاری خستبووە بەردەست حیزبوڵڵای لوبنان.

بەڵام پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا تەنیا بە پێدانی هاوکاریی دارایی نەوەستاوەتەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان بووەتە یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن.

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا لەکاتێکدا باس لە پشتیوانیی ڕێژیمی تاران لە گرووپەکەی دەکات کە هاووڵاتییانی ئێران باجی بەردەوامیی سزاکان، گەمارۆی دەریایی و قەیرانی ئابووری دەدەن، کە حکوومەتەکەی نەک تەنها بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی خستووەتە بەردەست ئەم گرووپەوە، بەڵکوو چارەنووسی دانوستانەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانیش بە پێشهاتەکانی لوبنانەوە گرێ داوە.