کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری لە ئەگەری هاوکاریی هەواڵگریی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە بۆ ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە لە ئورووپا

09:38 - 6 سەرماوەز 2726

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتیی بریتانیا هۆشداریی داوە کە ئەگەری هەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکارییە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی و تێکدەرانە لە وڵاتانی ئورووپایی فراوانتر بکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە دژی دژبەرانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و ناوەندە جووەکان.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی "ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکان" (IISS)، چالاکییە تێرۆریستییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا لە ساڵی ١٤٠١ـەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئەو ڕێژیمە لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، چڕتر بووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە تێکڕای ئەو چالاکییانە لە یەک حاڵەتەوە لە مانگێکدا بۆ نزیکەی چوار حاڵەت بەرز بووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان لە پیلانی تێرۆر، ڕفاندن و هەڕەشەکردن لە دژبەرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، هەروەها هێرشکردنە سەر ناوەندە جووەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هەبووە.

بەپێی ئامارەکان، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە جووەکان زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و ٧٠ لەسەدی ڕووداوە تۆمارکراوەکانیان لە بریتانیا و هۆلەند بووە.

توێژەران جەختیان کردووەتەوە کە هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەیەک لەسەر هاوکاریی مەیدانیی ڕاستەوخۆی تاران و مۆسکۆ لەو کردەوانەدا نییە، بەڵام هەردوو لا بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئورووپا هەیە.

سەرەڕای ئەوەی ٥٨ لەسەدی نزیکەی ٨٠ ئۆپەراسیۆنی ڕێژیم لە ئورووپا بە دەسبەسەرکردنی تۆمەتباران کۆتایی هاتووە، بەڵام سزاکان هێشتا نەیانتوانیوە ڕێگری لە چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن.