کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٢ عێراقی لە ئاڵمان بە تاوانی ئەندامەتی لە گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

09:35 - 6 سەرماوەز 2726

دادستانی گشتیی فێدراڵیی ئاڵمان ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە دوو هاووڵاتیی عێراقی بە گومانی ئەندامەتی لە گرووپێکی لایەنگری کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی هایدلبێرگ و کۆڵن دەسبەسەر کراون.

دادستانی گشتی ئەم گرووپەی بە «ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی ناوخۆیی» ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە کەنیسەیەکی جوولەکەکانیان لە کۆڵن و کەنیسەیەکی دیکە لە یەکێک لە شارەکانی دیکەی ئورووپا لە ئامانجەکانی هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکانی ئەم گرووپە بوون.

«مستەفا ئێل.ڕ» و «ئەمیر.ج» بەپێی ئەو فەرمانانە دەسبەسەر کراون کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای باڵای فێدراڵیی ئاڵمان لە ٢٧ی خەزەڵوەر دەریکردبوون.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم دوو کەسە، زیاتر لە ٢٥٠ ئەفسەری پۆلیسی فێدراڵی و ویلایەتی لە پشکنینی ١٧ شوێندا لە ویلایەتەکانی بادن-ڤورتێمبێرگ، هێسن و نۆردڕاین-ڤێستفاڵن بەشدارییان کردبوو. پۆلیس لە شاری هورتیش شوێنێکی پەیوەست بە گومانلێکراوی سێیەمەوە پشکنی، بەڵام داواکاری گشتی هەواڵی دەسبەسەکردنی ئەم کەسەی ڕانەگەیاندووە.

بە وتەی دادستانی گشتیی فێدراڵیی ئاڵمان، «مستەفا ئێل.ڕ» پەیوەندیی لەگەڵ «محەممەد ئەلساعدی»، یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی گرووپی «بزووتنەوەی ئەسحابولیەمینی ئیسلامی» هەبووە.

هەروەها «ئەمیر. ج»ـیش پەیوەندیی بەم گرووپەوە کردووە. بە وتەی دادستانی گشتی، ئەم گرووپە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان پارەی کۆ کردووەتەوە و چەند کەسێکی بەکرێ گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی دادستانی ئاڵمان، لە سەرەتای خاکەلێوەی وە١٤٠٥، چەند کەسێکی نەناسراو بە نوێنەرایەتیی گرووپە لە دوو شەوی یەک لە دوای یەکدا چوونەتە لای کەنیسەکانی کۆڵن و شارێکی دیکەی ئورووپا و کەرەستەی تەقینەوەیان پێ بووە.