یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی بارهەڵگر و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر کەمیی گازۆئیل، گرانیی پێداویستییەکانی بارهەڵگر و کەمیی کرێی گواستنەوەی بار، پێی ناوەتە پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە و بە پەیوەستبوونی مەلایەر لە پارێزگای هەمەدان و خوڕەمئاوا لە پارێزگای لوڕستان، بۆ ٢٠ شار پەرەی سەندووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شۆفێرانی بارهەڵگر لە شارەکانی تاران، ئێسفەهان، ئەهواز، شیراز، کرماشان، بەندەرعەباس، چابەهار، سیرجان، جیرۆفت، بەم، دێزفوول، گەچساران، دیواندەرە، زابول، قەزوێن، کازروون و شووشتەر پێشتر پەیوەست بەم مانگرتنەوە ببوون.
ئەم دامەزراوە پیشەییە لە پەیامێکدا جەختی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی شۆفێران کردەوە و داوای لێ کردن بار بە کرێیەک نەگوازنەوە کە تێچووەکانیان دابین ناکات.
لەم پەیامەدا بە ئاماژەدان بە نرخی دۆلاریی تایە، ڕۆن و گازۆئیل، داواکاریی دیاریکردنی کرێی گواستنەوەی بار بە شێوەیەک کە لەگەڵ تێچووی شۆفێراندا بگونجێت، خراوەتە ڕوو.
شۆفێرانی بارهەڵگر لە ١ی سەرماوەزی ئەمساڵەوە لە چەندین شاری ئێران دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە کەمیی گازۆئیل، بەرزبوونەوەی نرخی ڕۆن، تایە و پارچەی یەدەک و بە کەمیی کرێ بار، بەردەوامبوون لە کارکردنی ئەستەم کردووە.
هاوکات ڕۆژنامەی «جەهانی سەنعەت» لە زاری چالاکوانانی کەرتی گواستنەوەوە، ئاماژەی بە مانگرتنەکە کردووە.