لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ئاودانان، بە دەسبەسەرکردنی «مەهدی نوورمحەممەدی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسی کارمەندانی شیرکەتی پێترۆپالایش، گەیشتە ٢١ کەس.
ئەم هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥، «مەهدی نوورمحەممەدی» بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە و توندوتیژەکان، نیگەرانیی جیددیی سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی ئەم هاووڵاتییانە لە دوای ناڕەزایەتییەکان لە ئارادایە.
شایانی باسە بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام، لەوانە «ئەسەدوڵڵا چراغی» لە لێدوانێکدا بۆ تەسنیم (ئاژانسی هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران)، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئاوداناندا ڕەت کردووەتەوە و هەروەها «ئەمرۆڵڵا میسائی»، دادستانی گشتیی ڕێژیم لە ئاودانان لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی ئاودانان کرد و وتی بە شێوەیەکی «یەکلاکەرەوە» ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان هاووڵاتی بە وتنەوەی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومەتی، ناڕەزایەتییان بەرانبەر پشتگوێخستنی دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشیی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و خراپیی بەڕێوەبردن دەربڕی. هاوکات، بەشێکی زۆری بازاڕی ئاودانانیش وەک هاوسۆزی لەگەڵ ناڕازییان و خێزانی قوربانییان دەستیان دایە مانگرتن.